پردی چەمی هەنجیرە دوای چاککردنەوەی - وێنە: قایمقامییەتی چەمچەماڵ
لە قەزای چەمچەماڵ
پردەکانی هەنجیرە و ئالیاوە چاککرانەوە
پێشەوا محەمەد
هەریەکە لە پردەکانی چەمی هەنجیرە لە سنووری ناحیەی شۆڕش، کە رێگای سەرەکی ناحیەی سەنگاوە و پردی ئالیاوە لە سنووری قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ چاککرانەوە و ئێستا بە رووی شۆفێراندا کراونەوە.
هەردوو پردەکە بەهۆی بارانبارین و لافاوی دوو رۆژی رابردووەوە بەشێکیان هەرەسی هێنابوو، ببووە هۆکاری پەککەوتنی هاتوچۆ لەسەریان.
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە 964ـی راگەیاند، توانراوە لە ماوەی کەمتر لە دوو رۆژدا هەردوو پردەکە چاک بکرێن و رێگای هاتوچۆی هاوڵاتیان و گوندنشینان بکرێتەوە.
وتیشی، “پردەکان بە تەواوی چاککراونەتەوە، بەڵام ئێستا وەرزی قیر نییە و دەبێت بوەستین تا زستان نامێنێت، ئەوکات یەکی دیوارێکی راگریان بۆ ئەو لایە بۆ دروست دەکرێت، کە رووخاون و دواتر قیرتاو دەکرێنەوە”.
پردی ئالیاوە رێگای سەرەکی ناحیەی قادرکەرەمە بۆ ناحیەی تەکیەی جەباری و دواتر بۆ چەمچەماڵ، پردی چەمی هەنجیرەش ناحیەی سەنگاو بە چەمچەماڵەوە دەبەستێتەوە.