سوپای پاسداران:

“درۆنێکمان خستەخوار و درۆنێک و فڕۆکەیەکی دیکەی ئەمریکامان ناچار بەهەڵاتن کرد”

شۆڕش قادری

سوپای پاسدارانی ئێران دەڵیت، درۆنێکیان لە ئاسمانی کەنداوی فارس خستووەتە خوار و درۆنێک و فڕۆکەیەکی دیکەی ئەمریکایان ناچار بە هەڵاتن کردووە.

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “دوای ئەوەی چەند درۆن و فڕۆکەیەکی سوپای ئەمریکا ئاسمانی ئێرانیان لە سنووری کەنداوی فارس بەزاندووە، سیستمی بەرگری وڵاتەکەمان خراوەتەکار و توانیویەتی درۆنێک لە جۆری MQ9 بخاتەخوارەوە، درۆنێکی دیکەش لە جۆری RQ4  لەگەڵ فڕۆکەیەکی F35 ناچار بە هەڵاتن کراون و لە ناوچەکە دوورخراونەتەوە”.

شەوی رابردووش چەند دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە بەندەرعەباس و باشووری ئێران بیسترا و دواتر فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، دوو بەلەمی سوپای پاسدارانیان لە گەرووی هورمز تێکشکاندووە لەکاتێکدا سەرقاڵی دانانی مینی دەریایی بوون.