"پێشنیارەکەی ئێران گەمژانە بوو"

ترەمپ: ئەگەری مانەوەی ئاگربەست سەدا یەکە

ژووری هەواڵ

دۆناڵد ترەمپ لە دوایین لێدوانیدا سەبارەت بە هەوڵەکانی دانوستان، پێشنیارەکەی ئێران بە گەمژانە ناودەبات و دەشڵێت، ئەگەری مانەوەی ئاگربەست سەدا یەکە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئێران دەکات و رایگەیاند، ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، وتیشی “فڕۆکەوانەکانمان کاری خۆیان کردووە لە بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان”.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، رژێمی ئێران لەم چەند مانگەی دواییدا زیاتر لە 40 هەزار کەسی کوشتووە، وتیشی، دەبوو سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا ئەم کارەی ئەویان بکردایە.

پێیوایە، پلانی ئەو بۆ گەمارۆدانی ئێران پلانێکی سەربازی بلیمەتانە بوو، وتیشی: رەنگە ئێرانییەکان لە هەفتەکانی رابردوودا هەوڵیان دابێت توانای سەربازییان بنیات بنێنەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا پێشنیارەکەی ئێران بە گەمژانە ناودەبات و بەڵێنیش دەدات کە “سەرکەوتنی تەواو” بەسەر ئێراندا بەدەستبهێنێت.

ترەمپ لە قسەکانیدا دووبارە باسی “چەکەکانی ئەمریکا”ـی کرد و بێ ئەوەی ناوی لایەنێکی دیاریکراو بهێنێت وتی “زۆر نائومێدم لەو کوردانەی چەکمان پێدان بۆ ئەوەی بیبەنە ناو ئێران و رادەستی بکەن، بەڵام ئەوان لای خۆیان هێشتیانەوە”.

باسی لەوەشکرد، کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرۆکی چین هەیە و ئەو دەیەوێت کێشەی گەرووی هورمز چارەسەر بکات، چونکە لە ئێستادا کەشتییە چینییەکان لەوێ تێناپەڕن.