ئاڵای ئەمریكا و ئاڵای ئێران
شەوی رابردوو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟
ئێران و ئەمریکا وا رێکدەکەون کەچی درۆن و موشەک واز لە کوردستان ناهێنن
شۆڕش قادری
ئێران و ئەمریکا واخەریکن رێکدەکەون کەچی درۆن و موشەک واز لە کوردستان ناهێنن، با کورت و پوخت پێتان بڵێین، شەوی رابردوو چی روویدا.
پارتی ئازادی کوردستان (پاک) کە حزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، رایگەیاند، “دوێنێ شەو بە دوو درۆن و موشەکێکی ئێران، بارەگایەکمان لە باکووری رۆژئاوای هەولێر، نزیک کەمپی دارەشەکران کراوەتە ئامانج و لە هێرشەکەدا 9 پێشمەرگە برینداربوون و برینی چوار کەسیان سەختە”.
چەند رۆژێکە قسەوباس لەسەر رێککەوتنێکى نوێ لە نێوان ئەمریکا و ئێران هاتووەتە ئاراوە، دوێنێ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرۆکی بانکی ناوەندی وڵاتەکیان لەگەڵ خۆیان بردە قەتەر و میدیای ئێران دەڵێت، هەنگاوی باشیان هاویشتووە بۆ ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانیان.
میدیای ئێران: لە دوو رۆژێ رابردوودا دوو درۆنی دوژمن خراونەتە خوارەوە، یەکێکیان لە سنووری کەنداوی فارس و ئەوەی دیکەش لە ئاسمانی باشووری ئێران تێکشکێنراوە.
دوێنێ شەو دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە شاری بەندەرعەباس لە باشووری ئێران بیستران، دوای ئەوە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، وەڵامی هەڕەشەیەکی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیان داوەتەوە و پوچەڵیان کردووەتەوە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بۆ فۆکس نیوز: دوو بەلەمی هێزی دەریایی ئێران لەکاتێکدا سەرقاڵی دانانی مینی دەریایی بوون لە گەرووی هورمز، لەلایەن سوپای ئەمریکاوە تێکشکێنراون.
مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاوتا رووسەکەی سێرگی لاڤرۆف بە تەلەفۆن قسەیان کرد و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، لەبارەی ئێران و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە.
هەر لەسەر پرسی ئێران شاندێکی گەورەی پاکستان بە سەرۆکایەتی شەهباز شەریف سەرۆک وەزیران، چوونە چین و لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین و کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.
روسیا داوای لە ئەمریکا کرد، باڵیۆزخانەکەی لە کیڤی پایتەختی ئۆکراین چۆڵ بکات، چونکە نیازی هەیە هێرشێكی چڕ بکاتە سەر ئەو شارە.
دوێنێ شەڕڤانێکی خەڵکی عامودا بەناوی سیامەند کە لە شەڕی دێرزوور و لەلایەن چەکدارانی دیمەشقەوە دەستگیر کرابوو، گەڕایەوە ناو کەسوکاری و لەلایەن خەڵکی شارەکەیەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر: لە کاتژمێر 6ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بەدواوە، هەر ئۆتۆمبێلیک زبڵ و خاشاک و دەبە و قوتو و شوشەی خواردنەوەکان فرێ بداتە سەر شەقام، ئەوا لە رێگای کامێراکانی چاودێری تیژڕۆیی، سزای سەرپێچی بۆ تۆمار دەکرێت کە 40 هەزار دینارە.
پەروەردەی سلێمانی ئاگادارییەکی بۆ قوتابخانە حکومی و ناحکومیانەی سنووری پەروەردەکەیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لەسەر داوای بەشێکی زۆر لە دایکان و باوکانی قوتابیانی پۆلی 9ـی بنەڕەتی لە شاری سلێمانی، بەهیچ جۆرێک نمرەی قوتابیانی پۆلی 9 لە پەیجی قوتابخانەکانتان بڵاومەکەنەوە، بە پێچەوانەوە رووبەڕوی رێکاری یاسایی دەبنەوە.
سەربڕینخانەکانی مەخمور پوخت و خاوێن شۆردران و ئامادەی قوربانیکردنن، شارەوانیش داوا لە قەسابخانەکان دەکات، پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و بە هیچ شێوەیەکیش رێگە نادەن لە نێو کۆڵان و شوێنە گشتییەکان ئاژەڵ سەرببڕدرێت.