داوای بە هاناوەچوون دەکەن
مەترسی تێکەڵبوونی ئاوەڕۆی بێستانسوور و پڕۆژەی ئاوی شارەزوور هەیە
بڕوا مەجید – ناحیەی عەربەت
هاوڵاتیانی گوندی بێستانسوور لە ناحیەی عەربەت سەر بە پارێزگای سلێمانی هۆشداری دەدەن لە دروستبوونی کارەساتێکی تەندروستی، بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆی گوندەکەیان بەو جۆگەیەی دەکەوێتە تەنیشت پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی شارەزوور.
کەریم رەشید، دانیشتووی گوندەکە بۆ 964 دوا و وت، ئاوەڕۆی سەرجەم ماڵەکانی گوندەکە دەچێتە سەر جۆگەیەک، بەڵام بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە جۆگەکە پڕ بووەتەوە لە خۆڵ و قوڕاو و بووەتە بەربەست لەبەردەم ئاوەکە، ئەمەش وایکردووە ئاوەڕۆکە رێڕەوێکی نوێ بدۆزێتەوە کە دەچێتە نزیک پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی شارەزوور.
هەرچەندە ڕێگری کراوە ئاوەڕۆکە بچێتە ناو خودی پڕۆژەکەوە، بەڵام ئێستا بە تەنیشت دیواری راگری پڕۆژەکەدا تێدەپەڕێت و تێکەڵی ئەو ئاوە زیادەیە دەبێت کە لە پڕۆژەکەوە دەردەچێت.
زمناکۆ ئەنوەر سەرۆکی شارەوانی عەربەت بۆ 964 ئەوەی وت، گوندەکە لە سنووری شارەوانی ئێمەدا نییە و ناتوانین هیچیان بۆ بکەین، پێویستە دانیشتووانی گوندەکە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکەیانەوە نووسراو بۆ سەرووی خۆیان بکەن بۆ چاککردنی.
بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر 964 چەندین جار پەیوەندی بە فازیل عومەر بەڕێوەبەری ناحیەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو و وەڵامی نەدایەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی