کەی چاک دەکرێتەوە؟
24 کاتژمێرە گوندەکانی پیرەمەگروون بێ کارەبان
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
بارانە بەخوڕەکەی دوێنی شەو زیانێکی زۆری بە تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سلێمانی گەیاندووە، بەو هۆیەوە لە کاتژمێر 12ی شەوی رابردوەوە واتا نزیکەی 24 کاتژمێرە کارەبای نیشتیمانی لە ناحیەی پیرەمەگروون و گوندەکانی بڕاوەو تائامادەکردنی ئەم هەواڵە هاوڵاتییان تەنیا کارەبای مۆلیدەیان هەیە.
عەلائەدین حەسەن بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دوکان بە 964ی راگەیاند، “لەدرەنگانی شەوی رابردوەوه بەهۆی چوونە ژوورەوەی ئاو و تەڕبوونی کێبڵی کارەبا لە وێستگەی کارەبای تاسڵوجە کێبڵەکان پچڕاون بەوهۆیەوە کارەبای ناحیەی پیرەمەگروون و گوندەکانی بڕاوە”.
“سەرجەم تیمەکانی چاکسایی هێڵەکانی گواستنەوەی وزەی کارەبا و سیانەکان لەکاردان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زیاتر لە جارێک کێبڵەکان چاک کراوەنەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بارێکی زۆر لەسەر فیدەرەکانی هەیە دووبارە پچڕاوەتەوە، جارێ نازانین کەی کارەبای نیشتیمانی بۆ هاوڵاتیان دەگەڕێتەوە” عەلائەدین حەسەن وای وت.
ناحیەی پیرەمەگروون سەر بەقەزای دوکانەو لە شەش گەڕەک و 47 گوند پێکدێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاترە لە هەشت هەزار کەسە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی