تاجی رەسەنترین سەگیان پێدا

تولەی وریا و بزێوو بووە یەکێک لە ئەستێرەکانی فێستیڤاڵەکەی سلێمانی

رازاو محەمەد – سلێمانی

فێستیڤاڵەکەی سلێمانی رێک بە دڵی ئەوانە بوو کە سەگ و ئاژەڵە ماڵییەکانیان خۆش دەوێت، چونکە لە هەموو ناوچە جیاوازەکانەوە خەڵک چووبوونە ماجیدی مۆڵ تا سەگە جوان و سەرنجڕاکێشەکان ببینن، لە ناو ئەوانەدا سەگێکی خنجیلە خەڵاتی رەسەنترین سەگی وەرگرت و تاجیان کردە سەری و مەدالیایەکیشیاندا بە خاوەنەکەی.

هەڵمەت حەمەلاو خاوەنی سەگەکە بوو، شەش دانە سەگی لە چەمچەماڵەوە لەگەڵ خۆی هێنابوو، ئەوانە هەمووی رەسەنی کوردی بوون، بەڵام قەبارەیان بچووک بوو، لە ناویاندا دانەیەکیان کە ناوی ”ئاگرین”ی لێنابوو خەڵاتەکەی بردەوە.

هەڵمەت بە 964ی وت ”سەگەکەم وریاو بزێوو دڕە، خۆمان چەند ساڵە زاوزێیان پێ دەکەین تا ئەمەی لێ دەرچووە، هەم بۆ ئاگالێبوونی ئاژەڵ باشە، هەم بۆ پاسەوانی و هەم بۆ جوانیش دەبێ”.

ئەم فێستیڤاڵە دوێنێ چوارشەممە لە ماجیدی مۆڵی سلێمانی بەڕێوەچوو بە بۆنەی رۆژی جیهانی سەگ.

ساڵی 2004 خۆشەویستانی سەگ بڕیاریاندا رۆژێکی جیهانی بۆ سەگ دابنێن، رۆژی 26ی ئاب دیاری کرا، چونکە خاوەنی بیرۆکەکە کە ئاژەڵدۆستێکی ئەمەریکی بوو، بۆ یەکەمجار لەو رۆژەدا و لە تەمەنی 10 ساڵیدا سەگێکی لە پەناگەیەک گرتبووە خۆ.

داکۆکیکارانی ئەم بۆنەیە دەڵێن رۆژی جیهانی سەگ بۆ ئەم پێنج ئامانجە دیاری کراوە:
هاندانی خەڵک بۆ لەخۆگرتنی سەگی پەناگەو شێڵتەرەکان.
هۆشداری لە دۆخی خراپی سەگە بێلانەکان.
پێزانین بۆ وەفاو دڵسۆزی سەگ.
رێزگرتن لەو خزمەتانەی سەگ پێشکەشی مرۆڤی دەکات، بە تایبەتی لە پرۆسەکانی گەڕان و دۆزینەوە.
پاڵپشتیکردنی ئەو یاسایانەی مافی ئاژەڵ دەپارێزن.