حەوتەم دانیشتن بوو

جارێکى دیکە دانیشتنى دادگا لەسەر کەیسى نەقیب محەمەد دواخرا

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

ئەمڕۆ سێشەممە، حەوتەم دانیشتنی دادگا بۆ کەیسی نەقیب محەمەد و هاوڕێکانی لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، بەڵام دادوەر دانیشتنەکەی بۆ سبەینێ چوارشەممە دواخست.

لە دانیشتەنەکەدا کە پەیامنێری 964 ئامادەی بوو، پارێزەرانی تۆمەتباران تیانووسی بەرگری لە تۆمەتبارەکانیان ئامادە نەکردبوو، بەو هۆیەوە دادوەر دانیشتنەکەی بۆ سبەینێ چوار شەممە دواخست.

هەروەها دادوەر ئامادەی بینین و وەرگرتنی وتەی ئەو شایەدحاڵە نەبوو، کە پارێزەرانی تۆمەتبارەکان داوایان لە دادوەر کرد بانگی بکات و بیبینێت و وتەی لێوەربگرێت.

“لە دانیشتنەکەدا دایکی نەقیب محەمەد لەناو هۆڵی دادگادا بە دەنگی بەرز چەند جارێک هاواری کردووە حەقی کوڕەکەی بسێنن و لە کاتی هاتنەدەرەوەشی لە هۆڵەکە بووراوەتەوە”، پەیامنێرى 964 ئەم دیمەنانەى بینیوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە دانیشتنی رابردووی کەیسەکە بڕیاری قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی رووداوەکە درا.

نەقیب محەمەد ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بوو لە سلێمانی، شەوێکی مانگی دوانزەی ساڵی 2021 دەچنە ماڵێک لە گەڕەکی تانجەڕۆی سلێمانی بە مەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک، بەڵام نەقیب محەمەد گیانلەدەست دەدات و چوار هاوڕێی دیکەشی بریندار دەبن.

پێداچوونەوە- وریا فەتاح