موشتەرى تایبەتى خۆى هەیە

وەستا وشیار 30 ساڵە کوبەی هەولێر دەپێچێتەوە

هێژا عەباس

لەناو قەرەباڵغى شەقامی ئیسکانی شاری هەولێر، بۆن و تامی کوبەی رەسەنی هەولێری سەرنجی رێبواران رادەکێشێت. لەوێ وەستا وشیار ئیسماعیل، ماوەی 17 ساڵە بە عەرەبانەکەیەوە وەستاوە کە 30 ساڵى تەمەنى خۆى بۆ تەرخانکردوووە.

لەبارەى کارەکەیەوە وەستا وشیار بە 964ـى وت،””ئەگەر خێری تێدا نەبووایە، ئەوەندە بەردەوام نەدەبووم لەم ئیشە. راستە ئەم کارە دەوڵەمەندم ناکات، بەڵام ناشهێڵێت مەمنوونی کەس بم و پێویستم بە خەڵک بێت”.

کوبەی هەولێری تام و چێژێکی تایبەتی هەیە و خواستێکی زۆری لەسەرە، ئەمەش وایکردووە عەرەبانەکەی وەستا وشیار تەنیا سەرچاوەی بژێوی بۆ خۆی نەبێت. ئەو ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی زۆریی داواکاریی خەڵکەوە، جگە لە خۆی چوار کارمەندی دیکەش لەسەر هەمان عەرەبانە کار دەکەن و بژێویی خێزانەکانیان پەیدا دەکەن.

مانەوە بۆ ماوەی نزیکەی دوو دەیە لە یەکێک لە قەرەباڵغترین و بەناوبانگترین شەقامەکانی هەولێر، وایکردووە ئەم وەستایە متمانەی خەڵک بەدەست بهێنێت. وەکخۆى دەڵێت،”موشتەریی تایبەتی خۆمم هەیە، خەڵکانێک هەن ساڵەهای ساڵە رۆژانە سەردانم دەکەنەوە بۆ خواردنی کوبەکانم”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح