دوای هەفتەیەک لە بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی 964
لەبارەی کوشتنی سەگەکانی دوزخورماتوو بە ژەهر پارێزگای سەڵاحەدین لیژنەی پێکهێنا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
هەفتەی رابردوو 964 ڤیدیۆیەکی لەبارەی کوشتنی سەگە بێلانەکانی دوزخورماتوو بڵاوکردەوە، دەردەوکەوێت ڤێرتێرنەری ئەو قەزایە گۆشتی ژەهراوی دەدەن بە سەگەکان بۆئەوەی بیانکوژن.
بڵاوبونەوەی ڤیدیۆکە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، لیژنەیەک لە بەڕێوبەرایەتی بەشی ڤێرتێرنەری پارێزگای سەڵاحەدین سەردانی ڤێرتێرنەری قەزای خورماتوویان کردووە و داوای روونکردنەوەیان لێکردوون سەبارەت بە کوشتنی سەگەکان بە گۆشتی ژەهراوی.
لیژنەکە داوای بەڵگەی کاتی کوشتنی سەگەکانی لێکردوون و دەبێت لەماوەی یەک هەفتەدا بیسەلمێنن کە سەگەکانی خورماتوو بە حەبی تایبەت لەناو براون.
زینە حەیدەر بەڕێوبەری فەرمانگەی بەشی ڤێرتێرنەری دوزخورماتوو بە 964ی وت، “پێشتر ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت بۆلەناوبردنی ئەو سەگانە حەبی تایبەتیان پێ بدرێت و بەو شێوەیە ئاسانتر لەناو دەچن وەک لەوەی بەژەهر بکوژرێن و ماوەی کوشتنیان نزیکەی نیو کاتژمێر زیاتر دەخایەنێت”.
وتیشی، ئەوان لەتوانایاندا نییە ئەو حەبە بکڕن، چونکە هیچ کەسێک هاوکاریان ناکات و دەبێت لەسەر ئەرکی فەرمانگەکەیان بیکڕن، بۆیە دەڵێت نەمانتوانیوە ئەو حەبانە بکڕین کە نرخی هەر حەبێک دوو هەزار و 500 دینارە.
بەڕێوبەری فەرمانگەی بەشی ڤێرتێرنەری دوزخورماتوو، لەسەر بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵ و ڤیدیۆیەی 964 بڵاویکردوەتەوە نیگەرانەو دەڵێت، “خەریکە رووبەرووی کێشەی یاسایی دەبینەوە”.