پەیامى ئاشتى

لە 5 هەزار دۆلارەوە بۆ 50 هەزار دار؛  چیۆکى مامۆستایەکی ئەمریکی و ژنێکی چینی کە بیابانێکیان سەوز کرد

وریا فەتاح

مامۆستایەکی بەتەمەنی ئەمریکی، دوای زیاتر لە 20 ساڵ گەڕایەوە چین بۆ بینینی بەرهەمی ئەو بڕە پارەیەی کە لە ساڵی 1999 بۆ سەوزکردنی بیابانێک بەخشیبووی. ئێستا ئەو هاوکارییە بووەتە هۆی چاندنی دەیان هەزار دار و چیرۆکەکەیان وەک هێمایەکی دۆستایەتیی نێوان گەلانی ئەمریکا و چین سەیر دەکرێت.

رۆناڵد ساکۆلسکی، مامۆستایەکی ئەمریکییە، کاتێک لە ساڵی 1999 لە شاری لۆیانگ لە ناوەڕاستی چین مامۆستا بوو، سەرسام دەبێت بە هەوڵەکانی ژنێکی چینی بەناوی (یین یوژین)، کە بەتەنیا هەوڵی دەدا بەرەنگاری بەبیابانبوون ببێتەوە لە بیابانی (مو ئوس).

بۆ پشتگیری کارەکانی ئەو ژنە، ساکۆلسکی بڕی 5 هەزار دۆلاری پێدەبەخشێت. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی گلۆباڵ تایمز، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە، ئەو بەخشینە بووەتە هۆی پێگەیشتنی 50 هەزار دار و گۆڕینی بیابانێکی وشک و زەرد بۆ دارستانێکی سەوز.

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، ساکۆلسکی گەیشتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پەکین و بە زمانی چینی وتی “من گەڕامەوە”. دواتر لە فڕۆکەخانەی ئۆردۆس لە هەرێمی مەنگۆلیای ناوەڕاست، دوای ساڵانێکی زۆر چاوی بە (یین یوژین) کەوتەوە و یەکتریان لەئامێز گرت.

بەهۆی ئەم کارەیەوە، ساکۆلسکی لەلایەن میدیاکانی چینەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، ئەو بە میدیاکانی وت کە خۆی وەک “بێگانە” نابینێت، بەڵکو وەک کەسێکی “ناوخۆیی” و دۆستی چین دەبینێت.

رۆژنامە چینییەکە چیرۆکی ئەم دوو کەسە وەک نموونەیەکی زیندوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە جیهانییەکانی وەک گۆڕانی ئاووهەوا و بەبیابانبوون دەهێنێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر دوو کەسی ئاسایی کە پێشتر یەکتریان نەناسیوە بتوانن 50 هەزار دار بچێنن، ئەوا ئەمریکا و چینیش دەتوانن لەسەر ئاستی گەورەتر هاوکاری یەکتر بکەن.

لەکۆتایی سەردانەکەیدا، ساکۆلسکی پەیامێکی ئاراستەی جیهان کرد و وتی: “چینی و ئەمریکییەکان دەتوانن پێکەوە کاربکەن بۆ دروستکردنی جیهانێکی ئاشتییانە”، هیوایشی خواست دوای گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا، بتوانێت پەیامی ئەم دۆستایەتییە بە خەڵکی ئاسایی وڵاتەکەی بگەیەنێت.