پێشمەرگەیە و خەڵکی دارەتووی هەولێرە
تەرمی هاوڵاتییەک لە رووباری کاولۆکانی رواندز دۆزرایەوە
ئاکام غەفور – سۆران
کەمێک پێش ئێستا لە رووباری کاولۆکانی قەزای رواندز، تەرمی هاولاتییەک دۆزرایەوە و وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆرانیش دەڵێت، تەرمەکە دەرهێنراوەتەوە و شێواوە پێدەچێت دەمێک بێ خنکابێ.
رەوەند هاودیانی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، بۆ 964 وتی، پەیوەندیمان پێوەکراوە بەوەی تەرمێک لە رووباری کاولۆکان دۆزراوەتەوە و تیمەکانمان چوون و تەرمەکەیان دەرهێناوەتەوە، دوای پشکنین و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان پێدەچێت تەرمەکە نوێ نەبێت و دوو هەفتە یان زیاتر بێت لەناو ئاودا مابێتەوە.
کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی وت، ئەو پیاوە پێشمەرگەیە و خەڵکی دارەتووە، لەدایکبووی ساڵی 1972 و تاکو ئێستا نازانرێت رووداوەکە چۆن بووە.
پیداچوونەوە: ژێوار خدر