دوای سزاکانی ئەمریکا، چیتر هیچ فڕۆکەیەکی ئێرانی لە فڕۆکەخانەکانی نەجەف و بەغدا نانیشێتەوە

بە بڕیارێکی حکومەتی عێراق؛ سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران راگیران

ژێوار خدر

ئەمڕۆ هەینی، بڕیارێکی فەرمیی لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە گەیشتە فڕۆکەخانەکان، کە تێیدا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران بەتەواوی رادەگیرێن، ئەم بڕیارەش بەهۆی ئەو سزایانەی ئەمریکایە کە لەم چەند رۆژەی رابردوودا بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپێنراوە و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هاتوچۆی گەشتیاران دروستکردووە.

سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نەجەف بە 964ـی راگەیاند، فەرمانەکە لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە بۆ پارێزگای نەجەف نێردراوە، بەو پێیەی نەجەف دواین فڕۆکەخانە بوو کە تاوەکو ئێستا گەشتەکانی ئێرانی تێدا ئەنجام دەدرا، پێشتر کۆمپانیا بیانییەکانی خزمەتگوزاریی زەمینی کە کاری پاککردنەوە و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکەکان دەکەن، بەهۆی ترسیان لە سزاکانی ئەمریکا، ئامادەنەبوون خزمەتگوزاری بە فڕۆکە ئێرانییەکان بدەن، ئەمەش وایکردبوو گەشتەکان یەک لە دوای یەک هەڵبوەشێنرێنەوە.

ئەم بارودۆخە شڵەژانێکی زۆری لە بازاڕی گەشتیاریدا دروستکردووە و دەیان هاوڵاتی کە ویستبوویان گەشت بکەن، لەبەردەم فڕۆکەخانەکان گیریان خواردووە و بێ ئاگادارکردنەوە گەڕێندراونەتەوە. هاوکات کۆمپانیاکانی گەشتیاری لە عێراق بەدەست قەیرانی گەڕاندنەوەی پارەی تیکتەکانەوە دەناڵێنن، چونکە کۆمپانیا ئێرانییەکان وەک “ماهان” و “سبهران” تاوەکو ئێستا رەتیدەکەنەوە پارەی ئەو گەشتیارانە بدەنەوە کە گەشتەکانیان هەڵوەشاوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە رێژەی خواستی عێراقییەکان بۆ گەشتکردن بۆ ئێران بەراورد بە رابردوو 70٪ کەمی کردووە.