برا بچوکەکان دەنگیان بەرز کردەوە
ماڵەگەورەکە خەریکە لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە
وریا فەتاح
ئەمڕۆ باسى ماڵە گەورەکەتان بۆ دەکەم، ئەو ماڵەى لە چوار برا پێکهاتوون و برا بچووکەکان لە ژێرەوە خەریکن بەڕە لە ژێر پێى برا گەورە دەردەهێنن و ماڵە بەشى دەکەن و میراتى خۆیان جیادەکەنەوە.
چیرۆکەکە بەمشێوەیەیە:
لە دوورگەیەکی سەوز و سارددا، چوار برا لە ماڵێکدا پێکەوە دەژین، برایەکى گەورە و سێ براى بچوک…
براگەورە، بەهێز و دەسەڵاتدارە…. برایەک هونەرمەندە و یەکى تر یاخى … ئەوەى تریش گوێڕایەڵ و فەقیرۆکە.
برا گەورەکە بەو پارە و هێزەى هەیەتى خانوویەکى دروستکردووە، بە رێککەوتنێکى زۆرە ملێ سێ براکەى ناچار کردووە لەگەڵى بژین، بە زمانێکى لێزانانەش دەڵێت،”ئێمە خێزانێکین”، بەڵام خۆتان دەزانن من براگەورەم، لە جیاتى ئێوە بیردەکەمەوە و بڕیار دەدەم…
بۆ ئەوەى وێنەکە روون بێتەوە، باسى شانشینى یەکگرتووتان بۆ دەکەم، بەریتانیاى مەزن…..
براگەورە ئینگلتەرایە و برا بچوکەکانیش وێڵز و سکۆتلەندا و ئێرلەنداى باکورن…
لە رابردوو و ئێسستاشدا مامەڵەى ئینگلتەراى براگەورە لەگەڵ برا بچوکەکان بەمشێوەیە بووە:
یەکەم: لەگەڵ وێڵز، ئەمەیان برا گوێڕایەڵەکەیە، برا گەورە، هەر زوو چووە ژێر کڵێشەى ئەم برایە و خستییە ژێر رکێفى خۆیە… بە هەڕەشەیەکى گەورانەش پێى وت، تۆ دەبێت بە زمانى من قسە بکەیت و وەک من بیر بکەیتەوە… برا بچوکەش چارى نەبوو و وتى غوڵامتم.
دووەم: لەگەڵ ئایرلەندا (برا یاخییەکە)، ئینگلتەرا زۆر بە رەقی و توندوتیژی لەگەڵ ئەم برایە رەفتاری کرد. زەوییەکانی لێ سەندنەوە و باڵادەستی خۆی بەسەردا سەپاند. برا بچووکەکە ئەوەندە تووڕە بوو، دوای ساڵانێکی درێژ لە شەڕ و خوێنڕشتن، ژوورەکەی خۆی جیا کردەوە و (کۆماری ئایرلەندا) دروستکرد، بەڵام براگەورە گۆشەیەکی بچووکی ژوورەکەی بۆ خۆی هێشتەوە کە (ئایرلەندای باکوورە).
سێیەم: سکۆتلەندا، برا هاوبەشەکەیە، لە مێژ ساڵە براگەورە لەگەڵ سکۆتلەندا پەیمانی یەکگرتنیان ئیمزا کردەوە. ئینگلتەرا پێی وابوو سکۆتلەندا دەبێتە برایەکى هێمن، بەڵام کاتێک لە ساڵی 2016دا کاتێک ئینگلتەرا بڕیاری دا لە ماڵى یەکێتیی ئەوروپا بچێتە دەرەوە سکۆتلەندا (کە دەنگی بە مانەوە دابوو)، وتى ئەوە راست نییە، من دەمەوێت لەگەڵ یەکێتییەکە بمێنەوە، ئینگلتەراش پێى وت عەیبە لە قسەى براگەورەت دەرمەچۆ، هەموومان پێکەوە دەچینە دەرەوە.
کەواتا ئەوەى باسم کرد ماڵى شانشینى یەکگرتووە، وڵاتێک کە جاران پێیان دەوت “ئەو ئیمپراتۆرییەی خۆری تێدا ئاوا نابێت”. بەڵام ئەمڕۆ ئەو وڵاتە گەورەیە، لە ناوخۆی خۆیدا خەریکە لەبەریەک هەڵدەوەشێت…….
بۆ ئەوەی بە سادەیی تێبگەین چی ڕوودەدات، با سەرەتا سەیری پێکهاتەی بەریتانیا بکەین.
بەریتانیا تەنیا یەک وڵات نییە، بەڵکو چوار برا پێکەوەیان ناوە: ئینگلتەرا، سکۆتلەندا، وێڵز، لەگەڵ ئێرلەندای باکوور.
لەم ناوەدا، “ئینگلتەرا” برا گەورە و دەسەڵاتدارەکەیە، کە پایتەختەکەی لەندەنە و هەموو بڕیارە گەورەکانی لێوە دەدرێت. هەرچەندە ئەو سێ برایەی تر پەرلەمان و حکومەتی بچووکی خۆیان هەیە بۆ کاروباری ناوخۆ، بەڵام بڕیارى ئەوەل و ئاخیرى وڵات، وەک سوپا، ئابووری، و سیاسەتی دەرەوە، هەمووی بەدەست لەندەنەوەیە.
ماوەیەکی زۆرە، ئەم سێ برا بچوکە گلەیى دەکەن و دەنوزێنەوە کە براگەورە پەراوێزی خستوون و مافەکانیان دەخوات، بەڵام ئەوەی دوێنێ ڕوویدا، زەنگێکی یەکجار گەورە و مەترسیدار بوو بۆ دەسەڵاتدارانی بەریتانیا…..
دوێنێ چیى روویدا؟
دوێنێ، لە شاری (کاردیف)ی پایتەختی وێڵز، سێ برا بچوکەکە، واتە سکۆتلەندا، وێڵز و ئێرلەندای باکوور، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دانیشتنێکی لوتکەیان ئەنجامدا.
ئەم سێ برایە پاشقولیان لە براگەورە گرت و رێککەوتنێکی هاوبەشیان واژۆ کرد و بە یەک دەنگ پەیامێکیان ئاراستەی براگەورەکەیان کرد و وتیان: “سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی تۆ بەرەو کۆتایی دەچێت، ئێمەش گەورە بووین و دەمانەوێت لەو ماڵە بێینە دەرەوە”.
ئەمە واتاى چى بوو؟… واتاى ئەوە بوو ماڵەکە لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە…. براگەورە بەمە زۆر توڕە بوو، وتى واتان لێهات لە قسەم دەربچن، رێزى گەورە و بچوک ئاوا دەبێت؟.. دەى وەڵایى بشفڕن نایەڵم جیاببنەوە…
با بچینەوە سەر ئەسڵى مەسەلەکە و بزانین برا بچوکەکان کێشەیان چییە و چیان دەوێت؟
سکۆتلەندا و وێڵز دەیانەوێت ببنە دەوڵەتی سەربەخۆ، ئێرلەندای باکووریش دەیەوێت لە بەریتانیا جیا ببێتەوە و بچێتە پاڵ کۆماری ئێرلەندا و ببنەوە بە یەک وڵات.
دەزانم پرسیارى ئەوەت بۆ دروستبوو، بۆچى ئێستا ئەو برا بچوکانە کەوتوونەخۆ و دەیانەویت میراتەکە بەش بکەن، لەچى توڕەن؟
وەڵامەکەى قورس نییە، نوزە نوزیان نوێ نییە و دەمێکە لە ژێر لێوەوە قسە دەکەن، بەڵام گەورەترین هۆکار کە ئەم ئاگرەی خۆش کرد، دەرچوونی بەریتانیا بوو لە یەکێتیی ئەوروپا، کە پێی دەوترێت (برێگزیت).
دەزانم رەنگە لە بیرتان نەبێت، کاتێک براگەورە بڕیاریدا لە یەکێتی ئەوروپا بێتە دەرەوە، برا بچوکەکان بە دەنگدان وتیان نەخێر، ئێمە نامانەوێت بێینە دەرەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئینگلتەرا براگەورەیە، بڕیارەکەی بەسەر ئەوانیشدا سەپاند.
ئەمە واى لە برا بچوکەکان کرد بڵێن: “ئێمە لە ماڵێکدا دەژین کە براگەورە لە جیاتى ئەوەى وەک باوکێک دەست بەسەرماندا بهێنێ و گوێمان لێبگرێت، کە بەزۆر شتمان پێدەکات و گوێمان لێ ناگرێت.” ئەوان پێیان وایە ئەگەر جیاببنەوە، دەتوانن بگەڕێنەوە ناو یەکێتی ئەوروپا و ئابووریی خۆیان ببوژێننەوە….
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، بەبێ براگەورەیان، برا بچوکەکان دەتوانن لە ماڵەکە جیاببنەوە؟
وەڵامەکەی زۆر کورتە: نەخێر.
لە ڕووی یاساییەوە، هیچ کام لەم هەرێمانە مافی ئەوەیان نییە بەبێ رەزامەندیی حکومەتی لەندەن ریفراندۆم ئەنجام بدەن. لەندەن ئەمەی کردووە بە هێڵی سوور و دەڵێت: مەگەر بەسەر لاشەى مندا بڕۆن و ریفراندۆم بکەن…
ئێستا دۆخەکە بەم شێوەیەیە: لەلایەک لەندەن دەیەوێت بە زەبری یاسا و هێز خێزانەکە پێکەوە بهێڵێتەوە، لەلایەکی تریشەوە ئەو سێ هەرێمە واتا سێ برا بچوکەکە، بەرەیەکی یەکگرتوویان دروست کردووە و دەیانەوێت بە گوشاری بەردەوام دیوارەکەی لەندەن بڕوخێنن.
بەڵام هەوڵى ئەمجارەى سێ براکە هاش و هوش نییە، گەورەبوون و قسەیان هەیە..
ئێوە دەڵێن چى، براگەورە لێدەگەڕێت خێزانەکەى ئاوا پارچە پارچە بێت و هەریەکە و ژوورى خۆى جیابکاتەوە، یان وەک هەمیشە هێز و یاسا یەکلایى دەکاتەوە؟..