تەنیا 3%ـی پارەکەی وەرگیراوە
پڕۆژەی رێگای نێوان شارباژێڕ و راپەڕین نیوەی زیاتری تەواو بووە
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
پڕۆژەی دروستکردنی ئەو رێگایەی شارباژێڕ بە دەڤەری راپەڕین دەبەستێتەوە نیوەی زیاتری تەواو بووە و تا ئێستا تەنیا 3%ـی پارەکەی خەرج کراوە.
نەریمان عەبدوڵڵا، خاوەنی کۆمپانیای هێما کە جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە، بە 964ـی راگەیاند، 53%ـی پڕۆژەکەمان تەواو کردووە و تەنیا 3%ـی پارەکەمان وەرگرتووە، داواکاریشین هاوکاری بکرێین و بودجەی 50%ـی پڕۆژەکەمان بۆ خەرج بکرێت، تاوەکو بتوانین بەردەوام بین لەسەر کارەکان.
وتیشی: ئەم رێگایە سێ مەرزی نێودەوڵەتی لەسەرە و ناوچەکە دەکاتە شوێنێکی گەشتیاری و دەیبوژێنێتەوە.
خاوەن کۆمپانیاکە وەکو خۆی باسی کرد، تەنیا 275 ملیۆن دیناری وەرگرتووە، لەکاتێکدا بە بڕی نۆ ملیار دینار کاریان لەم پڕۆژەیەدا کردووە و تێچووی گشتیی پڕۆژەکەش 16 ملیار دینارە.
پێداچوونەوە: هەژان هادی