بەهۆی نەخۆشی زمانەشینکەوە
چین هەموو هاوردەیەکی ئاژەڵی لە عێراقەوە راگرتووە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
نەخۆشی زمانە شینکە لە ناو ئاژەڵاندا بڵاو دەبێتەوە و وڵاتى چینیش هەموو هاوردەیەکى ئاژەڵى لە عێراقەوە راگرتووە، پزیشکێکیش زانیارییەکان لە بارەى نەخۆشییەکەوە بۆ 964، دەخاتەڕوو.
رۆژی سێشەممەى رابردوو، ئاژانسی رۆیتەرز لە هەواڵێکدا بڵاوى کردەوە، بەهۆى نەخۆشییەوە، وڵاتی چین هەموو هاوردەیەکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی ئاژەڵی لە عێراقەوە راگرتووە.
لەبارەى نەخۆشییەکەوە، عوسمان جەمال نەسروڵا، پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان بە 964ى وت،”زمانە شینکە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، سێ بۆ چوار ساڵێکە تێبینی کراوە ئەم نەخۆشییە لە عێراق و هەرێمى کوردستان هەیە، بەڵام تائێستا بە نەخۆشییەکی جێگیر لە رێکخراوی ئاژەڵانی جیهانی تۆمار نەکراوە”.
بە وتەی ئەو پسپۆڕە، نەخۆشییەکە زیاتر لە ناو مەڕ و بزن و مانگا بڵاو دەبێتەوە، نیشانەکانی بریتین لە: ئاوسانی زمان شین هەڵگەڕانى، ئاوسانى سەری ئاژەڵەکە، تایەکی زۆر، لیکی زۆر، برینی ناودەم، نە لەوەڕان.
بەپێى توێژینەوەکان، لەناو ئاژەڵەکاندا تەنیا لە رێگەی مێشوولەیەکەوە دەگوازرێتەوە کە لە کوردستان ئەو مێشوولەیە هەیە، ئەو پزیشکەش باس لەوە دەکات، نەخۆشییەکە هاوینان زۆر بڵاوە و پاییز و زستانانیش بە رێژەی کەمتر هەیە.
سەبارەت بە گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە بۆ مرۆڤ، ئەو پزیشکە وتى،”هیچ بەڵگەیەک نییە ببێتە هۆی نەخۆشی لە مرۆڤدا و بگوازرێتەوە، مەگەر لە داهاتوودا ڤایرۆسەکە بگۆڕێت و ببێتە نەخۆشییەکی مرۆژەڵی و بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە”.
لە وەڵامى ئەو پرسیارەى کە ئایا ئەو ئاژەڵانەى توشى نەخۆشییەکە دەبن شیاون بۆ خواردن، عوسمان جەمال دەڵێت: ڤایرۆسەکە زۆر ناسکە و بە ماوەیەکی کەم دوای سەربڕین لەناو دەچێت و لە کاتی کوڵانیشدا نامێنێت.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح