تەنیا 15 نهۆمی ماوە بگاتە نیوەی بەرزییەکەی و ساڵی 2028 تەواو دەبێت

بورجی جەددە 180 مەتر لە بورجی خەلیفە بەرزتر دەبێت

ژێوار خدر

پڕۆژەی بورجی جەددە لە سعودیە خەریکە نیوەی رێگای “بەرزترین تەلاری جیهان” دەبڕێت، ئێستا کارەکان گەیشتووەتە نهۆمی 111 و بەرزییەکەی 450 مەترە، تەنیا 15 نهۆمی تری ماوە بۆ ئەوەی بەرزییەکەی بگاتە 500 مەتر و نیوەی پڕۆژەکە تەواو ببێت.

بەپێی ئەو پلانەی بۆی دانراوە، ئەم بورجە لە ساڵی 2028دا بەتەواوی کۆتایی دێت و بەرزییەکەی دەگاتە 1008 مەتر (واتە یەک کیلۆمەتر و 8 مەتر)، بەمەش دەبێتە بەرزترین تاوەر لە جیهاندا و بە تەواوەتی پێش بورجی خەلیفەی دوبەی دەداتەوە.

ئەم تاوەرە نوێیەی سعودیە، 180 مەتر لە بورجی خەلیفە بەرزتر دەبێت، کە ئێستا بەرزترین تاوەری جیهانە و درێژییەکەی 828 مەترە، بەرپرسانی پڕۆژەکە دەڵێن، کاتێک بورجەکە دەگاتە نهۆمی 126، بەرزییەکەی لە 500 مەتر تێدەپەڕێت و بەرەو لوتکە دەڕوات.

ئامانج لەم پڕۆژە زەبەلاحە ئەوەیە کە شاری جەددە ببێتە یەکێک لە شارە هەرە ناودارەکانی جیهان لە رووی گەشتیاری و بازرگانییەوە و ریکۆردێکی نوێ لە مێژووی بەرزترین تەلاری جیهاندا تۆمار بکات.