هاوڵاتیان لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی سەرقاڵی مامەڵەکردنن. وێنە: 964
کارمەندی فڕۆکەخانە و دەروازەکان فێردەکرێن
لە سلێمانی خولێک بۆ ناسینەوەی پاسپۆرتی ساختە بەڕێوەچوو
964+
ژووری هەواڵ
کارمەندی فڕۆکەخانە و دەروازەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی فێری ناسینەوەی پاسپۆرتی ساختە دەکرێت، خولێکیان بۆ کراوەتەوە و ئەفسەرێک وانەیان پێدەڵێتەوە.
کارمەندەکان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی و دەروازە سنوورییەکانی باشماخ، سەیرانبەن، کێلێ و پەروێزخان پشکنین بۆ پاسپۆرت دەکەن و ژمارەیان 17 کەسە، ئەمڕۆ لەدوای سێ رۆژ راهێنان بڕوانەمەیان پێبەخشرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی کە ئەمڕۆ 30.1.2024 بڵاویکردووەتەوە، “خولەكە تایبەت بوو بە پشكنینی پاسپۆرت لەسەر ئاستی پێشکەوتوو كە تیایدا بەوردی باس لە دروستكردنی پاسپۆرت کرا، لە رووی هێما ئەمنیەكان و جیا كردنەوەیان لە پاسپۆرتی ساختە”.
مقەدەم کاردۆ عوسمان هەورامی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی کە چەند لقێکیان لە فڕۆکەخانە و دەروازەکان هەیە بە 964ـی راگەیاند، لە رێکەوتی 1.1.2023 تاوەکو 10.10.2023، توانیویانە رێگری لە گەشتی 37 ھاوڵاتی عێراقی و کەسانی بیانی بکەن، کە ویستویانە بە بەڵگەنامەی ساختەوە گەشت بکەن، یان بێنە ناو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی باسی لەوەشکرد، نشینگەی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەرێگەی ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی لێھاتووەوە، ساڵانە رێگری لە دەیان کاری ساختە دەکات.