ناوچەکە شێوێندراوە
کەپرەکانی بەنداوی ئەڵوەن کراونەتە خەڵوزی کەباب
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
دەورووبەری ئەڵوەنی خانەقین ساڵانێک وەک شوێنێکی گەشتیاری و بۆ سیارانکردن هاوڵاتیان بۆی دەچوون، کەچی ئێستا وشک و برینە و ئەو کەپرانەشی بۆی دروستکران شکێندراون.
سەمیر سەردار بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری خانەقین بە 964ـی وت، لە دەورووبەری ساڵانی 2017 شەش کەپری گەورە و 25 کورسی و مەقەڵی و دوو تەوالێتیان لە رۆخی بەنداوی ئەڵوەن دروستکرد و نزیکی 700 نەمامیان چاند و سیستەمی ئاودانیان بۆ تەرخانکرد کەچی ئێستا زۆربەی زۆری شکێنراون.
گەشتوگوزار دەڵێت مەقەڵییەکان کە دروستیانکردبوو داری کەپرەکانیان تیادا دۆزیوەتەوە سووتاندوویانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە تێچووی ئەو شوێنە گەشتیارییە نزیکەی 28 ملیۆن دینار بووە و بڕیار بوو ببێتە شوێنی حەوانەوەی خەڵک، بەڵام کەسانێک بە بەردەوامی خەریکی تێکشکاندن و بردنی کەرستەکانی ئەو شوێنە بوون سەرەڕای ئەوەی دووجاریش کەپرەکان چاککراون بەڵام بێ سوود بووە.
نێچیروان حەکیم دانیشتووی شاری خانەقینە و بە 964ـی وت، چەند جارێک لە بۆنە و ئاهەنگەکان و تەنانەت رۆژە ئاساییەکانیش خەڵک بینراوە کە دار و بەردی شوێنی حەوانەوەکە تێکدەدات و هەرکاتێکیش چاودێرەکە ویستوویەتی رێیان لێ بگرێت تووشی شەڕ بووە.
بەنداوی ئەڵوەن كە لە 2013 تەواوکرا بووە جێگەی ئومێدی دانیشتوانی خانەقین کە وەک ناوچەیەکی گەشتیاری سووودی لێ دەبینن، بەڵام تاوەکو ئێستا هاوڵاتیان خێریان لێ نەبینوە.