ئەوەی دزیبوویان لێیان گیراوە

پۆلیسی کەرکوک لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا باندێکی دزی ماڵانی دەستگیرکرد

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک، لە ئۆپەراسیۆنێکی خێرا و ورددا، توانی باندێکی تایبەت بە دزی ماڵان دەستگیر بکات، تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی دزییان لە ماڵێک لە “شەقامی کۆرنیش” کردبوو، دەستگیری کردن.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک و بەدواداچوونی بەشی بەرەنگاربوونەوەی تاوان ئەنجامدراوە و دەستبەجێ دوای رووداوەکە، تیمێکی پسپۆڕ لە بنکەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی “قۆرییە” پێکهێندرا.

تیمەکان پشتیان بە لایەنی تەکنیکی و بینینی تۆماری كامێراکانی چاودێری بەست بۆ لێکۆڵینەوە لە جوڵەی گوماناوییەکان لە ناوچەکەدا و لە ئەنجامدا توانرا شوێنی دزەکان دیاریبکرێت و لە کاتێکی پێوانەییدا دەستگیر بکرێن و لەگەڵ دەستگیرکردنیشیاندا، تەواوی کەلوپەلە دزراوەکانیشیان پێ گیراوە.

تۆمەتبارەکان، دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و وتەی سەرەتایی و دادوەرییان لێ وەرگیراوە و لە ئێستادا بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی، بە فەرمانی دادوەر راگیراون تاوەکو سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.