ئۆتۆمبێلەکانتان بە کرێ بدەن
ئاگادارییەک بۆ ئەوانەى نیسان پەترۆڵ و تۆیۆتا لاندگرۆزەریان هەیە
964+
وریا فەتاح
حکومەتى هەرێم رەزامەندیداوە لەسەر بەکرێگرتنى 48 ئۆتۆمبێل بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانى کاروبارى مین، بۆیە ئەگەر نیسان پەترۆڵ و تۆیۆتا لاندگرۆزەرتان هەیە، بە کرێى بدەن.
موحسین شێخ عەبدولکەریم، بەڕێوەبەرى گشتیى کاروبارى مینى سلێمانى بە 964ى وت،”لەو 48 ئۆتۆمبێلە، 24 ئۆتۆمبێلى سنوورى بەڕێوەبەرایەتیى گشتى مینى سلێمانییە و 20 ئۆتۆمبێل بۆ دهۆک و ئیدارەى سۆران و چوار ئۆتۆمبێل بۆ ئیدارەى گەرمیان”.
ئەو ئۆتۆمبێلانەى لەلایەن مینى سلێمانییەوە بە کرێى دەگرێن، پێویستە لە جۆرى نیسان پەترۆڵ و تۆیۆتا لاندگرۆزەر بن، بە وتەى موحسین شێخ عەبدولکەریم، بۆ هەر مانگێک بە شۆفێرەوە بڕى یەک ملیۆن و 300 هەزار دیناریان پێدەدرێت و هەموو تێچوو و خەرجییەکى ئۆتۆمبێلەکەش لەسەر خاوەنەکەیەتى.
ئۆتۆمبیلەکان بەم شێوەیە دابەشبوون، یەک ئۆتۆمبێل بۆ هەڵەبجە، دوو ئۆتۆمبێل بۆ زەڕایەن، یەک ئۆتۆمبێل بۆ قەڵادزێ، سێ ئۆتۆمبێل بۆ پێنجوێن، دوو ئۆتۆمبێل بۆ چەمچەماڵ، پازدە ئۆتۆمبێل بۆ سلێمانی.
بە پێى ئاگادارییەکى کاروبارى مینى سلێمانى، هەر کەسێک خوازیاری بەشداریکردنە، لەمڕۆ دووشەممەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ، دەتوانێت لە گەڕەکى راپەڕینى شارى سلێمانى، سەردانی هۆبەی میکانیک بکات، بەمەبەستی وەرگرتنی فۆڕم و زانیاری پێویست.