لە 48 کاتژمێری داهاتوودا

رێگا کاتییە نوێیەکەی دەربەندی گۆمەسپان بۆ هاتوچۆ دەکرێتەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە 48 کاتژمێری داهاتوودا رێگایەکی تری نوێی دەربەندی گۆمەسپان تەواو دەبێت بۆ هاتوچۆکردنی شۆفێران.

ئەو رێگایەی ئێستا هەیە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی بارینی رێژەیەکی زۆری باران و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندی گۆمەسپان، رێگاکە كەوتبووە ژێر ئاو، ئێستا ئاستی ئاوەکەی دابەزیوە و هاتوچۆ لەو رێگەیەشدا ئاسایی بووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21.1.2024، لە راگەیەندراوەکەیدا پارێزگای هەولێر کە وێنەیەکی بۆ 964 نێردراوە ئەوەشی وتووە، بڕیاریشە تا ساڵێكی تر رێگایەکی تری سەرەكی بە درێژایی سێ كیلۆمەتر لە رێگەی ئێستای بەنداوەكە دوورتر دروستبكرێت، لەبەر ئەوەی ئەو رێگا كۆنەی کە ئێستا هەیە دەكەوێتە ژێر ئاو و چیتر هاتوچۆی لێناکرێت.

بەنداوی گۆمەسپان گەورەترین بەنداوە لە سنووری پارێزگای هەولێر و سێیەمین لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لە 60% بۆ 65%ـی كارەكانی تەواو بووە، تێچووی پڕۆژەكە 95 ملیار دینارە و بەرزییەكەی 70 مەتر و درێژییەكەی 512 مەترە، توانای گلدانەوە و ئەمباركردنی 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی بارانی هەیە.

بەنداوی گۆمەسپان ئاوی بارانی تێدا گل دراوەتەوە

بەنداوی گۆمەسپان ئاوی بارانی تێدا گل دراوەتەوە