لەتیف هەڵمەت بەهۆی نەخۆشییەوە لە دونیا دادەبڕێنێت

+964

فەرمان سادق

بەهۆی نەخۆشی دڵە کوتەوە، لەتیف هەڵمەتی شاعیر ناتوانێت کەس ببینێت و لە سۆشیال میدیاش دوور دەکەوێتەوە.

لەتیف هەڵمەت، کە یەکێکە لە شاعیرە ناودارەکانی کورد لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە دەنووسێت، بەهۆی نەخۆشی دڵە کوتەوە ناتوانێت کەس ببینێت.

لەتیف هەڵمەت لە راگەیەنراوێکدا بۆ رای گشتی دەڵێ: چاوی یەك بەیەكەتان ماچ دەكەم و سڵاو و رێزم بۆ هەموو لایەكتان هەیە.

رۆژنامەنووس، محەمەد فاتیح حامید کە دەکاتە خوشکەزای لەتیف هەڵمەتی شاعیر، بە +964ـی وت، “لەتیف هەڵمەت، دڵە کوتەی گرتەوە، هەر بەهۆی باری تەندروستییەوە داوای لێبوردن دەكات كە ناتوانێت كەس ببینێت، تەنانەت لەئامێرەكانی پەیوەندی كردن و سۆشیال میدیای تایبەتی خۆشی دابڕاوە”.

خوشکەزاکەی لەتیف هەڵمەت دەشڵێت: تەنانەت منیش ناتوانم بیبینم، ئەوانەشی کە بازنەی یەکەمی خانەوادەکەمانن ناتوانن بیبینن ئەگەر خۆی داوای نەکات.

لەتیف ھەڵمەت، ساڵی 1947 لەدایکبووە، ساڵی 1979 دەستی کردووە بە نووسین لە بواری منداڵاندا، یەکەم بەرھەمیشی (جوانترین دێ) بووە کە بڵاوی کردووەتەوە.

لەتیف هەڵمەت، زیاتر لە بیست دیوانە شێعری هەیە،  تا ئێستا 17 بڵاوکراوەی بۆ منداڵان ھەیە، ساڵی 2006 بەرھەمەکانی کۆکراوەتە کە دەکاتە 500 لاپەڕە.

لەتیف هەڵمەت، خەڵاتی ئاپیکی لەسەر دیوانی منداڵان وەرگرتووە، چەند جارێکیش خەڵاتی وەزارەتی رۆشنبیری وەرگرتووە.