تا هەفتەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت

لە دهۆک تا ئێستا 8 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت فۆرمی بەرحەیاتیان پڕکردووەتەوە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

لە بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی کومەڵایەتی دهۆک، ئەوانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن فۆڕمی بەرحەیاتی پڕدەکەنەوە، تاوەکو حەوت رۆژی تریش پڕکردنەوەی فۆڕم بەردەوام دەبێت.

فۆرمی بەرحەیاتی ساڵانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ کەمئەندامان پڕ دەکرێتەوە، تاوەکو دڵنیابن لەژیان ماون یان نا.

رەزا نایف بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کومەڵایەتی دهۆک بە 964ـى وت، ماوەی چەند هەفتەیەکە مامەڵەی پڕکردنەوەی فۆرمی بەرحەیاتی لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەدەچێت، تا ئێستا نزیکەی هەشت هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت فۆرمەکەیان پڕ کردووەتەوە.

وتیشی، تا 22ـی ئەم مانگە مامەڵەی پڕکردنەوەی فۆڕم بەردەوام دەبێت، هەر کەسێک ئەو فۆڕمە پڕ نەکاتەوە ناتوانێت موچەکەی وەربگرێت و بێبەش دەبێت لە موچە، ‎هەر سوودمەندێک بەهۆی نەخوشی یان گرفتی جەستەیی نەتوانیت بڕوات، دەکرێت کەسێکی خێزانەکەی بێت و بەڵگەنامەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەگەڵ خۆی بهێنێت بۆ بەڕێوەبەردنی مامەڵەکەی و  بە رێگای ئەلیکترۆنی هاوکار دەبن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەر خاوەن پێداویستی تایبەتێک دوو وێنە لەگەڵ “ناسنامەی کەمئەندامی” و کارتی نیشتیمانی لەگەڵ خۆی بێنێت.

بەقسەی ئەو بەڕێوەبەرە، ئەو خاوەن پێداویستی تایبەتانەی کارمەندی حکومەتن، نابێت فۆرمی بەرحەیاتی پڕ بکەنەوە، چونکە ئەو 100 هەزارە لەسەر موچەی حکومەت وەردەگرن.

لە پارێزگای دهۆک 12 هەزار و 500 خاوەن پێداویستی تایبەت موچە وەردەگرن، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سێ هەزار خاوەن پیداویستی تایبەت ناویان تۆمارکراوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی