دادەخرێت

لە رێگاى بەنداوى گۆمەسپانەوە مەیەنە هەولێر

وریا فەتاح

بەهۆى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو، رێگای بەنداوی گۆمەسپان (ھەولێر-رانیە)، بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێت، بەڕێوەبەرى چاککردن و پاراستنى رێگاوبانى هەولێریش دەڵێت: پێدەچێت لە ئێوارەوە ئاو رێگاکە داپۆشێت و نازانین کەى دەکرێتەوە.

عیماد محەمەدئەمین، بەڕێوەبەرى چاککردن و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر، بە 964ى وت،”ئەو شەپۆلی بارانبارینەی شاری هەولێر و ناوچەکەی گرتووەتەوە، بووەتە هۆی گلدانەوەی ئاوێکی زۆر لە بەنداوی گۆمەسپان و زیادبونی لە ماوەکانی داھاتوودا، بە شێوەیەکی کاتی ئاو رێگاکە دابپۆشێت.

هەرچەندە تائێستا رێگاکە دانەخراوە، بەڵام عیماد محەمەدئەمین، داوا دەکات، شۆفێران رێگاى جێگرەوە بەکاربهێنن لەوانە رێگاى، هیزۆپ – شەقڵاوە، تونێلى ماوەران، تونێلى پیرمام، رێگاى دێگەڵە.

هەرچەندە، رێگاى جێگرەوەى بەنداوەکە تەندەرینى بۆکراوە و تائێستا نەخراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام وەک بەڕێوەبەرى چاککردن و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر باسى لێوە دەکات،”حکومەت لەسەر هێڵە و لە داهاتوویەکى نزیکدا دەستیپێدەکرێت”.

پێدەچێت لە ئێوارەى ئەمڕۆوە رێگاکە دابخرێت و ئاو رێگاکە داپۆشێت، رێگاوبانى هەولێریش دەڵێت: دواى داخستنى رێگاکە، نازانین کەى دەکرێتەوە، چونکە پەیوەندى بە بارانبارینەوە هەیە.