بۆچی ده‌ستگیر كرا؟

“ئیدریس مه‌سعود داوای لێبوردنی له‌ خه‌ڵكی هه‌ولێر كرد”

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ڵێت، ئه‌و نانه‌وایه‌ی شاری هه‌ولێر له‌سه‌ر سوكایه‌تیكردن به‌ خه‌ڵكی هه‌ولێر ده‌ستگیر كراوه‌ نه‌ك ره‌خنه‌گرتن، خۆشی داوای لێبوردنی له‌ هاوڵاتیان كرد.

ئیدریس مه‌سعود ئه‌و كاسبكاره‌ نانه‌وایه‌ی هه‌ولێره‌، كه‌ دوێنێ له‌ به‌رده‌م پارێزگای هه‌ولێر له‌ گردبوونه‌وه‌ی نانه‌واكان ره‌خنه‌ی توندی له‌ حكومه‌ت گرت، له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ندێ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی به‌كار هێنا، كه‌ به‌ لای به‌رپرسانی شاری هه‌ولێر و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ سوكایه‌تی و ناوزڕاندن بوو به‌ شاری هه‌ولێر و هاوڵاتیانی شار، بۆیه‌ ده‌ستگیر كرا، دواتر ئه‌مڕۆ ئازاد كرا.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر به‌ 964ی راگه‌یاند، ده‌ستگیركردنی هاوڵاتییه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو سووكایه‌تی به‌ هه‌ولێر و هاوڵاتیانی هه‌ولێر كردووه‌، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئاسایی له‌گه‌ڵ كراوه‌ و دواتر ئه‌مڕۆ ئازاد كرا.

وتیشی، “ره‌خنه‌گرتن بۆ هه‌موو هاوڵاتییه‌كی هه‌ولێر ئازاده‌ و كراوه‌یه‌ و خه‌ڵك ده‌توانن ره‌خنه‌ له‌ هه‌ر كه‌موكوڕی و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك بگرن، به‌ڵام سووكایه‌تی و ناوزڕاندن به‌ خه‌ڵك و به‌ شارێك، قبوڵكراو نییه‌”.

مه‌سعود ئیدریس، كه‌ تیمێك له‌ پارێزه‌رانی خۆبه‌خش ئاماده‌بوون به‌رگری لێ بكه‌ن و ده‌سته‌ی مافی مرۆڤیش بۆی هاتنه‌ سه‌ر خه‌ت، ئه‌مڕۆ دوای ئازادكردنی ڤیدیۆیه‌كی له‌ سۆشیال میدیا بڵاوكرده‌وه‌ و داوای لێبوردنی له‌ هاوڵاتیانی شاری هه‌ولێر كرد و رایگه‌یاند به‌هۆی تووڕه‌بوونه‌وه‌ هه‌ندێك وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی نه‌شیاوی به‌كارهێناوه‌ و لێی په‌شیمانه‌.

به‌ڵام هه‌ر ئه‌و هاوڵاتییه‌ له‌ ڤیدیۆكه‌یدا ده‌ڵێت، “ئێستاش هه‌ق ده‌ڵێم، راست ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر هه‌رزان بكرێت یارمه‌تی خه‌ڵك ده‌ده‌ین، ئه‌گه‌ر هه‌رزان نه‌كرێت پێم ناكرێ و نابی ئیش بكه‌م “.

به‌ پێی زانیارییانه‌ی 964 ده‌ستیكه‌وتووه‌، ئه‌و هاوڵاتییه‌ سكاڵای له‌سه‌ر نه‌بووه‌ و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

خاوه‌ن نانه‌وا و سه‌موونخانه‌كانی هه‌ولێر دوێنێ له‌ به‌رده‌م پارێزگای هه‌ولێر گردبوونه‌وه‌ و له‌و بڕیاره‌ ناڕازیبوون، كه‌ داوایان لێكراوه‌ 10 نان و سه‌موون له‌ بری 8 دانه‌ به‌ هه‌زار دینار به‌ هاوڵاتیان بفرۆشن، هاوكات به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ چه‌ند ئاسانكارییه‌كیان بۆ كراوه‌، وه‌ك پێدانی لیتری غاز به‌ 300 دینار، كه‌مكردنه‌وه‌ی 50%ی نرخی كاره‌با و پێدانی فه‌رده‌ی ئارد به‌ 28 یان 29 هه‌زار دینار.

دوای ناڕه‌زاییەتییه‌كان بڕیاری فرۆشتنی 10 نان به‌ هه...

دوای ناڕه‌زاییەتییه‌كان بڕیاری فرۆشتنی 10 نان به‌ هه‌زار دینار ده‌گۆڕێت؟