بەرهەمی ماسی لە بازاڕدا - وێنە: 964
رەوانەی بازاڕەکان کراون
بەرهەمی حەوزەکانی ماسی لە گەرمیان 508 تۆن بووە
964+
ژووری هەواڵ
حەوزەکانی ماسی لە ئیدارەی گەرمیان، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا نزیکەی 508 تۆن گۆشتی ماسیان بەرهەمهێناوە و رەوانەی بازاڕەکانی هەرێم و عێراق کراوە.
بە گوێرەی ئامارێک کە ئەمڕۆ سێشەممە 9.1.2024، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری گەرمیان بڵاوکراوەتەوە، ساڵی رابردوو بڕی 285 هەزار و 800 ماسی خراونەتە نێو حەوزەکانی سنوورەکەوە و 253 هەزار و 688 ماسی پێگەیەندراوە و خراوەتە بازاڕەوە.
“لە ماوەی ساڵەکەدا سەرەڕای قەیرانی دارایی و بایکۆت، 19 بەدواداچوون بۆ سەر پرۆژەکان ئەنجام دراون”، بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری گەرمیان وا دەڵێت.
کشتوکاڵی گەرمیان گلەیی لە بڕی بەرهەمی ماسی هەیە لە حەوزەکاندا، پێشتر بەختیار ئەحمەد بەرپرسی سامانی ئاژەڵ لە کشتوکاڵی گەرمیان، بە 964ى وت، “بەشێکی حەوزەکانی ماسی تووشی نەخۆشییەکی ڤایرۆسی بوون، رێژەیەکی زۆری ماسی لەناوچوون، ئاستی بەرھەمھێنانی بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو دابەزیوە.”
ئاماژەی بەوەش کرد، لە دەرەوەش ماسی ھاوردە ناکرێت، چونکە نرخەکەی بەرز بووەتەوە، ھەروەھا عەلەفی ماسی لە کارگەکان نرخی بەرز بووەتەوە، ساڵانی پێشوو بە نیوەی نرخ عەلەفمان بۆ خاوەن حەوزەکان دابین دەکرد، بەڵام ئێستا بەھۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانن پاڵپشتیان بکەن.