لە دۆخێکی خراپی پیشەیی و گوزەران دان
لە حەلەب مامۆستایانی “بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر” هەشت مانگە موچەیان پێنەدراوە “داوا دەکەن بیانگەڕێننەوە سەر پەروەردە”
964+
فەرهاد حەسەن
ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و عەفرین، لە سنووری پارێزگای حەلەب، کە پێشتر لە کەرتی پەروەردەی سەر بە “بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر” کاریان کردووە، رووبەڕووی دۆخێکی خراپی پیشەیی و گوزەران بوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ماوەی نزیکەی هەشت مانگە کار و موچەی ئەم مامۆستایانە راگیراوە، سەرەڕای ئەوەی زۆربەیان خاوەنی خزمەتێکی درێژخایەنن لە بواری پەروەردە و فێرکردندا، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی سەدان خێزان بێ سەرچاوەی بژێوی بمێننەوە.
مامۆستاکانی ئەو سێ ناوچەیە گلەیی ئەوە دەکەن کە پڕۆسەی تێکەڵکردنەوە و رێککەوتنی نێوان “حکومەتی کاتی” و “بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر” ئەوانی نەگرتووەتەوە، باس لەوەشدەکەن کە بڕیارێکی نوێ دەرچووە داوایان لێدەکات بە جیا و وەک تاکەکەس مامەڵەکانیان پێشکەش بە دەستەی پەروەردەی حەلەب بکەن بۆ تێپەڕاندنی رێکارەکان، ئەمەش گومانی لای مامۆستایان دروست کردووە کە بۆچی وەک ناوچەکانی تر بە شێوەیەکی گشتی و کۆمەڵ مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت.
ئەم مامۆستایانە داوا دەکەن بە زووترین کات کێشەکانیان چارەسەر بکرێت و بخرێنە سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە تاوەکو مافەکانیان پارێزراو بێت و بتوانن بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.