حکومەتى هەرێم وەڵامى دەبێت

لە پیرمام بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکەیەکى هێزى پێشمەرگە

964+

وریا فەتاح

وتەبێژى حکومەتى هەرێم رایدەگەیەنێت، شەوى رابردوو، بە درۆنى بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکى هێزى پێشمەرگە، دەشڵێت: حکومەتى عیراق، بێدەنگ و بێتوانایە لە ئاست ئەو هێرشانە.

لە بارەى هێرشە درۆنییەکەى شەوى رابردووى پیرمام، وتەبێژى حکومەتى هەرێم بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند: شەوى رابردوو، کاتژمێر 11:45 خولەک بە دوو درۆنى بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام-هەولێر.

بەپێى راگەیەنراوەکە، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.

بە وتەى پێشەوا هەورامانى، وتەبێژى حکومەتى هەرێم،”ئەم هێرشە تیرۆریستیە لەلایەن هێزێکی لە یاسادەرچوو بە چاوساغی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە، مەترسیدار و شەڕفرۆشتنە”.

لە بەیاننامەکەدا، وتەبێژى حکومەت سەرەڕاى ئەو لایەنانە، حکومەتى فیدڕاڵیش بە بەرپرس دەزانێت لە بەرامبەر بەو هێرشانە و دەڵێت: ئەم گرووپە لە یاسا دەرچووانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێدەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەر چاوی حکومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان.

“ئەو هێرشە لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق بێدەنگ و بێ توانایە بەرامبەر ئەو گرووپانە، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گرووپانە پارەدار دەکرێن”، وتەبێژى حکومەتى هەرێم وادەڵێت.

“چاوەڕێى هەنگاوى سودانین”

وتەبێژى حکومەتى هەرێم لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەى بەوەکرد، چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کردارین، داواش سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی دەکەن بۆ سزادانی ئەم گرووپانە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، حکومەتى هەرێم هەر وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هیرشانە لە کاتوساتی گونجاودا بە مافی خۆیان دەزانن و داواش لە هەموو دۆست و لایەنەکان دەکەن  لەو کردارە تیرۆریستییە بێدەنگ نەبن و پشتیوانیان بن بۆ هەر بەرپەرچدانەوەیەک، کە بە گونجاوی بزانن.

لە گەڕەکێکی هەولێر درۆنێک کەوتە خوارەوە

لە گەڕەکێکی هەولێر درۆنێک کەوتە خوارەوە