نرخەکەی چەند ملیارێکە
سەدرو حەکیم خەریکە لەسەر پارچە زەوییەک دەبێتە شەڕیان
964+
ژووری هەواڵ
پارچە زەوییەک لە نەجەف هەرایەکی گەورەی لە نێوان گروپەکەی عەمار حەکیم و گروپەکەی موقتەدا سەدر دروستکردووەو وایلێهاتووە بە ئاشکرا هەردوولا قسە بەیەک دەڵێن.
کێشەکە لەوێوە دەستی پێکرد کە ئەکرەم شەربە ئەندامی ئەنجومەنی نەجەف رایگەیاند: شارەوانی نەجەف بە ”گەندەڵی” زەوییەکی 3000 مەتری داوە بە “دەزگای شەهیدی میحراب” کە سەر بە رەوتی حیکمەیە.
نرخی راستەقینەی زەوییەکە دەگاتە 30 ملیار دینار (نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار) بەڵام شارەوانی بە 10 هەزار دینار داوێتی بەو دەزگایە.
لەسەر ئەمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە بە هەراو خەڵکێکی زۆر قسە بە رەوتی حیکمەو شارەوانی دەڵێن، رەوتی حیکمەی عەمار حەکیم لە بەرامبەردا دەڵێت ”ئەم زەوییە بۆ مەبەستێکی خێرخوازی و ئاینی وەرگیراوەو پڕۆژەکە دروستکردنی مۆزەخانەیەکە بۆ بەدۆکۆمێنتکردنی تاوانەکانی سەردەمی سەدام دژی زانایانی ئایینی نەجەف. ئەم بڕیارە کۆنە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2005، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ لەوێ بووە، چۆڵکردنی دواکەوتووە”.
جا لەبەر ئەوەی رەوتی حیکمە پێی وایە ئەم هەڵمەتە گروپەکەی موقتەدا سەدری لە پشتەوەیە، بۆیە ئەوانیش هەڵمەتێکیان دژی رەوتی سەدر دەستی پێکردووە، بەڵگەنامەیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، ”دەزگاکانی سەر بە سەدر کاتی خۆی لە شارەوانی زەوییەکەیان کڕیوە و قەرزەکەیان بۆ رەشکراوتەوە”.
دوای ئەمە تیمەکەی سەدر بە فەرمی هاتنە ناو ململانێکە و ئەژماری “ساڵح محەمەد عێراقی” (وەزیری سەدر) لە ئێکس، بەتوندی هێرشی کردە سەر رەوتی حیکمە و عەمار حەکیم و سەدرییەکان دەڵێن، ”ئەو زەوییانەی باسی دەکەن، هی نووسینگەی شەهید سەدر بووە و دواتر بە فەرمانی راستەوخۆی موقتەدا سەدر بەخشراوە بە مەزارگەی ئیمام عەلی”.