"ئەنقەرە ئامادەیە پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی بکات"

“چاوەڕوان نەکراو بوو” بەرپرسێکی باڵای تورکیا لە دیمەشق لەگەڵی کۆبووەتەوە

964+

فەرهاد حەسەن

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە میانی دوایین سەردانیدا بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا، لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای تورکیا کۆبوەتەوە و تێدا تاوتوێ دۆخی رۆژئاوا و پرسی ئاشتی لەباكوری كوردستان كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسە توركەكە بە عەبدی راگەیاندوە، “ئەنقەرە ئامادەیە لە داهاتودا بانگێشتی بكات و پێشوازی لێبكات”.

هەفتەی رابردوو بوو، عەبدی سەردانی دیمەشقی کرد و لە وێنەیەکی نوێدا دەرکەوت کە دووەمین وێنەیە لەگەڵ سەرۆکی سوریا کۆی دەکاتەوە، لەوەتەی رێککەوتنە بەناوبانگەکەی نێوانیان لە 10ی ئازاری ساڵی 2025 واژۆ کراوە.

سەرچاوە ئاگادارەكان لە حکومەتی سوریا بە کەناڵی “العربية”یان راگەیاندووە، مەزڵوم عەبدی لەگەڵ نوح یەڵماز، باڵیۆزی تورکیا لە سوریا لە دیمەشق کۆبوەتەوە كە پێشتر جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا بوو، بێ ئەوەی ئاشکرا بکرێت ئایا شەيبانی لەم کۆبونەوەیەدا ئامادەبووە یاخود نا.

سەرچاوەکان، ئەمەیان بە کۆبوونەوەیەکی “چاوەڕوان نەکراو” باسکردووەو دەڵێن، لە کۆبونەوەکەدا باس لە دۆسیەی پڕۆسەی ئاشتی کراوە کە حکومەتی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە بەڕێوەی دەبات؛ تێیدا یەڵماز لەگەڵ فەرماندەی “هەسەدە” تاوتوێی لێکەوتەکانی ئەم دۆسیەیەیان لەسەر کوردانی سوریا کردووە.

ئاماژەیان بەوەکردووە کە هەردوولا پرسی، چوونەدەرەوەی کادیرانی پێشووی پارتەکەیان لە خاکی سوریا و لە چوارچێوەی رێکخستنی فراوانتردا تاوتوێ کردووە، کە هاوتەریب لەگەڵ رێڕەوی سیاسی و ئەمنیدا کاری لەسەر دەکرێت لە رێگەی تێکەڵکردنی هێزەکانی “هەسەدە” لەنێو دامەزراوەکانی حکومەتی سوریا.

بەپێی هەواڵی ئەم میدیا عەرەبییە، باڵیۆزی تورکیا بە عەبدی راگەیاندوە کە ئەگەری هەیە ئەنقەرە لە داهاتودا پێشوازی لێبكات، ئەمەش هەنگاوێکە کە گوزارشت لە کرانەوەیەکی مەرجدار دەکات لەلایەن تورکیاوە بەرامبەر بە “هەسەدە”، کە ئەنقەرە بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک تۆمەتباری دەکرد بەوەی درێژکراوەی پەكەكەیە و مەزڵومیش لە تورکیا وەک داواکراو هەژمار دەکرێت.

دەشڵێن، یەڵماز جەختی لەسەر پێویستی خێراکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی “هەسەدە” کردووەتەوە، وەک بەشێکی سەرەکی لە تێگەیشتنەکانی پەیوەست بە داهاتوی سوریا و قۆناغی راگواستن کە وڵاتەکە لە دوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کانونی یەکەمی 2024ـەوە بەخۆیەوە دەبینێت.

تاوەکو ئێستا “هەسەدە” هیچ لێدوانێكی فەرمی لەسەر هەواڵی ئەم کۆبوونەوەیە نەداوە، لەکاتێکدا ئەمە دوای ئەوەدێت کە پێش زیاتر لە ساڵێک، بەرپرسانی “هەسەدە” لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە پاریس کۆببونەوە.

مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد سەردانی دیمەشق دەکەن

مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد سەردانی دیمەشق دەکەن