بارانبارین بەردەوام دەبێت و لە کوێستانەکانیش بەفرێکی کەم دەبارێت
کەشناسی عێراق؛
بارانی بەخوڕ و هەورە بروسكەو دابەزینی پلەکانی گەرما دەستپێدەکات
ئەحمەد مستەفا
دەستەی کەشناسی، ئەمڕۆ چوارشەممە، وردەکاریی دۆخی کەشوهەوای وڵاتی بۆ ڕۆژانی داهاتوو ڕاگەیاند، هاوکات پێشبینی بارانبارین و دابەزینی پلەکانی گەرمای کرد.
لە بەیاننامەیەکی دەستەکەدا دەڵێت، سبەینێ پێنجشەممە، کەشوهەوا بە گشتی نیمچە هەور بۆ هەور دەبێت، لەگەڵ بارانبارین لە شوێنە جیاجیاکانی وڵات کە بڕەکەی مامناوەند بۆ بەخوڕ دەبێت، هەندێکجاریش هەورەبروسکەی لەگەڵدا دەبێت بەتایبەت لە بەشە ڕۆژئاواییەکانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، پلەکانی گەرماش بە گشتی دادەبەزن و ماوەی بینین (5-7) کم دەبێت.
بەیاننامەکە ئاماژەی بە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ پێنجشەممە لە پارێزگاکانی عێراق کردووە بەم شێوەیە:هەولێر: 16، سلێمانی و دهۆک: 17، نەینەوا: 19، کەرکووک: 20، سەڵاحەدین: 21، دیالە: 22، بەغداد و ئەنبار: 23، کەربەلای پیرۆز، بابل، واست، دیوانییە: 24، نەجەفی ئەشرەف، موسەنا، زیقار، میسان، بەسرە: 25.
رۆژی هەینی کەشوهەوا لە ناوچەی باکوور هەور دەبێت و لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ بارانبارین لە شوێنە جیاجیاکانی وڵات کە مامناوەند بۆ بەخوڕ دەبێت بەتایبەت لە بەشە ڕۆژهەڵاتییەکانی وڵات، پلەکانی گەرما لە ناوچەی باکوور کەمێک دادەبەزن و لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور کەمێک بەرز دەبنەوە.
سەبارەت بە رۆژی شەممە، کەشوهەوا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور نیمچە هەور بۆ هەور دەبێت لەگەڵ بارانبارینی سووک بۆ مامناوەند، لە ناوچەی باشووریش ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەبێت، پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی باکوور و باشوور کەمێک بەرز دەبنەوە و لە ناوچەی ناوەڕاست جێگیر دەبن.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، کەشوهەوا لە ناوچەی باکوور هەور دەبێت و لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ بارانبارینی مامناوەند بۆ بەخوڕ لە هەندێک شوێنی ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاست، و ئەگەری بارانبارینی سووک لە ناوچەی باشوور هەیە، پلەکانی گەرما بە گشتی دادەبەزن و ماوەی بینین (5-7) کم دەبێت.