پۆلیسى راپەڕین دەستگیرى کرد
دوو بوتڵ غاز، سەرجەم دزییەکانى پێشووى لێ ئاشکرا کرد
964+
وریا فەتاح
هێزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی رانیە، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە 4 ساڵ بوو دوای ئەنجامدانی چەندین تاوانی دزی بەرەو خوارووی عێراق هەڵاتبوو، بەڵام گەڕانەوەی بۆ ڕانیە و دزینی “دوو بوتڵە غاز” سەرجەم دۆسیە کۆنەکانی هەڵدایەوە و خستیە زیندانەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، سەرەتای ئاشکرابوونى ئەم تۆمەتبارە دەگەڕێتەوە بۆ 10ی نیسانی ئەمساڵ، کاتێک هاووڵاتییەک لە نووسینگەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی رانیە سکاڵای تۆمارکرد کە 2 بوتڵە غازی لێ دزراوە. دوای کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد، پۆلیس توانی ناسنامەی تۆمەتبارەکە (ف. ع. خ. ف)، کە بە رەگەز عەرەبە ئاشکرا بکات و لە 20ی نیسان دەستگیری بکات.
دوای دەستگیرکردنی و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، دەرکەوت ئەم تۆمەتبارە هەمان ئەو کەسەیە کە 4 ساڵ پێش ئێستا داواکراو بووە بەتۆمەتی چەندین تاوانی دزی لە رانیە و چوارقوڕنە.
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە، تۆمەتبارەکە لە 27ی ئایاری 2022 چوار مۆبایلی جۆراوجۆری لە هاووڵاتییەک دزیوە. هەروەها دوای 2 مانگ و لە 26ی تەممووزی هەمان ساڵدا، لە چوارقوڕنە بڕی 300 دۆلار، نزیکەی 80 هەزار دینار و دەمانچەیەکی لە ماڵێک دزیوە.
دوای ئەنجامدانی ئەو زنجیرە دزییانە لە ساڵی 2022، تۆمەتبارەکە هەرێمی کوردستانی جێهێشتبوو و بەرەو شاری تکریت هەڵاتبوو، بەڵام دواتر گەڕاوەتەوە سنوورەکە و دواجار دزینی 2 بوتڵە غازەکە کۆتایی بە ڕاکردنەکەی هێنا.
وەک ئەوەى پۆلیس ئاشکراى کردووە، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە لەبەردەم پۆلیس و دادوەر دانی بە تەواوی تاوانەکانیدا ناوە و بە بڕیاری دادوەر، بەپێی ماددەکانی (443 و 444) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن.