لیندسی گراهام (سیناتۆری ئەمریکا):
“ئەولەیەتی ئێستای ئەمریکا و جیهان کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەی هورمزە”
964+
فەرهاد حەسەن
لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا بڕیارەکەی سەرۆک ئەمریکای بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی ویتکۆف و کوشنەر بۆ پاکستان بە “ژیرانە” باس کردووە و دەشڵێت “ئەولەیەتی ئێستای ئەمریکا و جیهان کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەی هورمزە”.
گراهام لە تۆڕی X بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بە درێژکردنەوەی ئاگربەست هەوڵی زیاتری داوە، وەڵامی ئێرانیش هێرشی زیاتر بووە بۆ سەر کەشتی نێودەوڵەتی و ئیستیفزازی زیاتر.
دەڵێت “بە بۆچوونی من، ئەولەویەتی سەرەکی ئەمریکا و جیهان دامەزراندنی کۆنتڕۆڵی پتەو بەسەر تەنگەی هورمز و دەستەبەرکردنی ئازادی دەریاوانی لە ژێر یاسای نێودەوڵەتیدایە”.
باس لەوەشدەکات، کاتێک دێتە سەر گەیشتن بەو ئامانجە، لەوانەیە لە ماوەیەکی کورتدا پێویست بە بەشداری سەربازی ئەمریکا بێت، دەشڵێت “با لە گەمارۆکە بەردەوام بین و تەنگەی هورمز بکەینەوە و ئەگەر پێویست بوو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەستپێبکەینەوە و دڵنیایی بدەین کە ئێران هەرگیز نەتوانێت بگەڕێتەوە سەر شێوازی کۆنی خۆی”.