وتەبێژى ناوەندیی خاتەمولئەنبیای
"لێتان دەدەین"
بارەگاى ناوەندیی خاتەمولئەنبیای هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات
964+
وریا فەتاح
بارەگاى ناوەندیی خاتەمولئەنبیای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە راگەیەندراوێکدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەربازیی کرد لە ئەگەری بەردەوامبوونی گرژییەکانی ناوچەکە.
بەپێی راگەیەندراوەکە کە لەلایەن “سوپای سایبری پاسداران”ـەوە بڵاوکراوەتەوە، قەرارگاکە ئاماژەی بەوە کردووە: “ئەگەر سوپای دەستدرێژکاری ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت لە گەمارۆدان، رێگری و چەتەیی دەریایی، با دڵنیابن کە رووبەڕووی کاردانەوەی توندی هێزە چەکدارە بەتواناکانی ئێران دەبنەوە.”
لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا، بەرپرسانی سەربازیی ئێران جەختیان لە بەهێزبوونی تواناکانیان کردووەتەوە و رایانگەیاندووە کە پێویستە ئەمریکا بزانێت هێزە چەکدارەکانی ئێران ئێستا زیاتر لە جاران ئامادەییان هەیە بۆ بەرگریکردن لە سەروەری، خاکی وڵات و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە سوپای ئەمریکا پێشتر بەشێک لەو هێز و توانایەی ئێرانی لە “سێیەمین جەنگی سەپێندراو”دا ئەزموون کردووە.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە،”ئێمە ئامادەین و سوورین لەسەر چاودێریکردنی جووڵە و هاتوچۆی دوژمنان لە ناوچەکە و بەردەوام دەبین لە کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی گەرووی ستراتیژیی هورمز، لە ئەگەری هەر هێرش و دەستدرێژییەکی نوێی دوژمنانی ئەمریکی و زایۆنی (ئیسرائیلی)، زیانی زۆر قورستر و گەورەتریان پێ دەگەیەنین.”