سۆراغی 964
لە دەوروبەری هەولێر دووجار دەنگی گەورە بیسترا
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
ئەمشەو لە نزیک هەردوو گوندی گەزنە و دارەبەن دووجار دەنگی گەورە بیسرا، ئەو دوو گوندە لەسنووری دەڤەری بەڕانەتین.
هاوڵاتیەکی گوندی دارەبەن بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت، “کاتژمێر 7:55ی ئەمشەو گوێمان لەدوو دەنگی گەورەبوو، دوای پرسیار و سۆراغکردن، دانیشتووانی گوندی ئاشۆکا پێیان وتین، درۆنێک کەوتۆتەخوارەوە، بەڵام زیاتریان باس نەکرد، بەقسەی ئەو هاوڵاتیەبێت دووری نێوان ماڵەکەی و گوندی ئاشۆکا، کەمتر لە سێ کیلۆمەتر دەبێت.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێزە ئەمنییەکان و هیچ لایەنێکی فەرمی پشتراستی ئەو هێرشەیان نەکردوەتەوە.
گوندی ئاشۆکا نزیکە لەسنووری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
کاتژمێر 9:00ی ئەمشەو گروپێک کە ناویان لەخۆیان ناوە “مقاوەمەی ئیسلامی” رایانگەیاند هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەمریکیەکان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر.
964 چەند جارێک پەیوەندیکرد بە دەزگا پەیوەندیدارە ئەمنییەکان، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکەیان نەدایەوە.