ستیکەرەکەشی فێڵی تێدا کراوە

وەزارەتی تەندروستی: دەرمانی تاڤانیک (TAVANIC) ساختەیە و مەیکڕن

شۆڕش قادری

وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان و بازاڕی دەرمان دەکات، بەهیچ شێوەیەک دەرمانی TAVANIC نەکڕن، چونکە بەخۆی و ستیکەرەکەی سەریشی ساختەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان ( KMCA)، بازاڕی دەرمان و هاوڵاتییان لە دەرمانێکی ساختە بەناوی “تاڤانیک  TAVANIC 500 mg tab” ئاگاداردەکاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری دەدات کە باچێکی دەرمانی تاڤانیک “3LG5A” بە بەرواری بەسەرچوونی “10\2027” ساختەیە و تەنانەت ستیکەرەکەشی ساختەکراوە.

بەڕێوەبەرایەتی ( KMCA) ئاشکرایکردووە، ئامێری تایبەت کە لە سەرجەم دەرمانخانەکان جێگیرکراوە، بەئاسانی باچە ساختەکەی دەرمانەکەی دەرخستووە، ئەویش بە ئاڕاستەکردنی موگناتیسی ئامێرەکە بەرەو چوارگۆشە رەشەکەی سەر ستیکەرەکە، کە ئامرازی دژەساختەی تێدایە و بە نانۆتەکنەڵۆجی دروستکراوە، لەکاتی ئاڕاستەکردنی موگناتیسەکە بۆ سەر چوارگۆشە رەشەکە، رەنگەکەی نەگۆڕاوە بۆ سەوز، بەوەش دەرکەوتووە کە ستیکەرەکە ساختەیە، هەروەها ئەو ژمارە باچەش بەو بەرواری بەسەرچوونە لە سیستمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبەرایەتی KMCA دا نییە، بەوەش دەردەکەوێ کە تەنانەت بەرهەمەکەش ساختەیە.

بەڕێوەبەرایەتی KMCA داوا لە دەرمانخانەکان، کۆگاکانی دەرمان و هاوڵاتیان دەکات، خۆیان بەدووربگرن لە کڕینی ئەو دەرمانە بە ژمارە باچی ئاماژەپێدراو، هەروەها، لەکاتی کڕینی هەر دەرمانێک، ئامێری تایبەتی دژەساختە بەکاربهێنن، بە ئاڕاستەکردنی موگناتیسەکەی بۆ سەر چوارگۆشە رەشەکەی ستیکەرەکە.