لە سلێمانی
بەڵێننامە بەو کەسانە پڕدەکرێتەوە کە ریکلام بۆ ڤەیپ و نێرگەلە دەکەن
964+
پێشەوا محەمەد
لە شاری سلێمانی بەڵێننامە بەو کەسە دیارانەی ناو سۆشیالمیدیا پڕدەکرێتەوە، کە ریکلام بۆ ڤەیپ و نێرگەلە دەکەن و قایمقامیەتی شارەکە دەڵێت، چیتر رێگەی ئەو کارەیان پێنادرێت.
رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە 964ـی وت، “چەند کەسایەتییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان ریکلامیان بۆ نێرگەلە و جگەرە ئەلکترۆنییەکان کردووە، بەڵێننامەی یاساییان داوە جارێکی دیکە ریکلام نەکەنەوە”.
قایمقامیەتەکە تەواوی کافێ و فرۆشیارانی کەلوپەلی نێرگەلەی ئاگادار کردووەتەوە، کە فرۆشتنی ڤەیپ و نێرگەلە و جگەرە بە کەسانی خوار 18 ساڵ قەدەغەیە و دەبێتە هۆی داخستنی شوێنەکان.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەشڵێت، ریکلامکردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قەدەغەیە و نابێت ریکلام بۆ جگەرە و نێرگەلە بکرێت و هەر شوێنێکیش سەرپێچی بکات رووبەڕووی داخستن و رێکارە تووندە یاساییەکانی دەکەنەوە.
لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 23.12.2023 جیهانی نێرگەلەی سیدرایان لە گەڕەکی کانی سپیکە داخستووە و هۆکارەکەشی فرۆشتنی ڤەیپ بووە بە کەسانی خوار 18 ساڵ.
هەفتەی رابردووش لیژنەکە بە تۆمەتی بوونی منداڵ تێیاندا، حەوت کافتریای لە ناوشاری سلێمانی داخست.