کۆنمرەی تاقیکردنەوەکان دیاریدەکات

وەزارەتی پەروەردە داوایەک لە پەروەردەی سلێمانی دەکات

964+

ژووری هەواڵ

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە نوسراوی فەرمی پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەرینی ئاگادار کردووە کە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەر 80 یان 60 نمرە ئەنجامبدەن.

بەگوێرەی نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 21.12.2023 بڵاوبووەتەوە، ئەو قوتابیانەی نمرەی هەڵسەنگاندن و نیوەی وەرز (10-20-10)ـیان هەیە، دەبێت لەسەر 60 نمرە تاقیکردنەوە بکەن و ئەوانەی نمرەی 20ـیان نییە دەبێت لەسەر 80 نمرە تاقیکردنەوە بکەن.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە هەواڵەکەی بۆ 964 پشتراستکردەوە و وتی، ئەو فەرمانە لە کەناڵە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردە بڵاوکراوەتەوە و راستە.

رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ تاقیکردنەوە لەسەر کۆنمرەی 80 بەم جۆرەیە:

– نمرەی بەدەستهاتوو لە 80 نمرە دابەشی 4 بکرێت بۆ دەرهێنانی 20 نمرەی تاقیکردنەوەی نووسینەکی.
– نمرەی بەدەستهاتوو لە 80 نمرە لێکدانی 0.75 بکرێت بۆ دەرهێنانی 60 نمرەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز.
– نمرەی کۆتایی لە هەردوو خاڵی یەکەم و دووەم نزیک بکرێتەوە بۆ نمرەی تەواو ئەگەر نمرەکە بە کەرت دەرچوو

وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، “ئەو قوتابخانە و خوێندنگانەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم ئەنجام دەدەن بۆ وەرزی دووەم لەسەر هەمان ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە بەردەوام دەبن.”

"هیچ بڕیارێک نییە بۆ دواخستنى خوێندنى ئەمساڵ"