خورماتوو
جوتیارێک چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی بەنرخ لە یەک کێڵگەدا بەرهەم دەهێنێت
سیروان خورشید – خورماتوو
جووتیارێکی سنووری خورماتوو توانیویەتی لە کێڵگەیەکی کشتوکاڵیدا چەندین بەرهەمی جیاواز و بەنرخ پێکەوە بڕوێنێت، لەوانەش “ترێ، هەنار و هەرمێ و لیمۆ خورما”، کە بەوتەی خاوەنەکەی لە رووی تام و کوالێتییەوە جیاوازییەکی بەرچاویان هەیە.
غازی جومعە، خاوەن باخ و کێڵگەی کشتوکاڵی بۆ 964 وتی، پێشتر ئەم زەوییانە بەدەست جوتیارانی عەرەبەوە بوون و پاشان کەوتنە دەستمان، سەرەتا بە شێوەی تاقیکردنەوە چەند بەرهەمێکی جیاوازمان تێیدا چاند و بەرهەمەکەی زۆر باش بوو، ئیتر بڕیارمان دا بەو شێوەیە بەردەوام بین و لە ئێستاشدا بەرهەمەکانمان لە بازاڕی خورماتوو ساغ دەکەینەوە.
دەشڵێت، بەهۆی جیاوازی خاکەکەیەوە دەتوانرێت بەرهەمی جیاوزی تێدا بەرهەم بهێنێن و بەرهەمەکانشمان لە رووی تام و کوالێتییەوە لە بەرهەمی زۆربەی شارەکانی دیکە باشترن، لە داهاتووشدا پڕۆژەکە فراوانتر دەکەین و بەرهەمەکانمان بۆ شارەکانی دیکەی هەرێم و عێراقیش روانە دەکەین.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر