بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیەوە خوێندکارێک گیانی لەدەستدا

+964

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیەوە، خوێندکارێکی زانکۆی چەرمۆ گیانی لەدەستدا.

رووداوەکە کاتژمێر 11:10 خولەکی درەنگانی شەوی رابردوو لەسەر رێگەی گشتی کەرکوک سلێمانی، نزیک گوندی کانی شەیتانی سەر بە قەزای بازیان روویداوە.

ئاکۆ عەبدوڵا، ناوی ئەو خوێندکارەیە لە روودانی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستداوە، ئەو خوێندکاری بەشی سیمیستەری پێنج لە بەشی کۆمپیتەری کرداری/کۆلیژی زانستە پزیشکی و کردارییەکانی زانکۆی چەرمۆیە، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەی کە لەجۆری ئۆپڵ بووە لەکاتی گەڕانەوەی لەشاری چەمچەماڵ بۆ قەزای بازیان رووداوەکە ڕوویداوە.

بەڵێن هەمەوەندی، وتەبێژی هاتوچۆی بازیان بە 964 وت: بەداخەوە رووداوەکە راستە، ئاکۆ عەبدوڵا بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەی گیانی لەدەستداوە.

+964 دەزانێت، ئاکۆ عەبدوڵا بە رۆژ خوێندکاری زانکۆ بووە، بە شەو لەناو بازاڕی قەزای بازیان عارەبانەی دەستگێڕی پێبووە و کاری پاقلەفرۆشی دەکرد.