رۆژی ژینگەیە لە جیهان

نێچرڤان بارزانی ئامادەیی بۆ مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی تەندروست دەردەبرێ

ئەحمەد مستەفا

نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست دەردەبڕێ و دەڵێت، ئەوە بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشترە بۆ نەوەکانی داهاتوومان.

بارزانی بۆ رۆژی جیهانی ژینگە پەیامی هەیە و ئەمڕۆ هەینی لە فەیسبووکەکەی خۆی نوسیوویەتی، پاراستنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاووهەوا، ته‌نيا ئه‌ركێكى حكومى نييه‌، به‌ڵكوو بەرپرسیاريه‌تییەکی گەورەی نیشتمانی و مرۆیيی هاوبەشە.

ئەو دەڵێ، ئەرکی هەموومانە لە ناوەندەکانی پەروەردە، خێزان، میدیا و دامەزراوەكان، پێکەوە کار بۆ بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی ژینگەپارێزی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر سروشتی وڵاتەکەمان بکەین.

رۆژی جیهانی ژینگە، یان رۆژی جیهانی سازگاری لەگەڵ ژینگە، کە بە (W.E.D)کورتکراوەتەوە، یەکێکە لە ڕووداوە مەزنەکان کە ئێستاکە ساڵانە لە سەرانسەری جیهان ژینگەپارێزان بەمە بەستی پاراستنی ژینگە لەو رۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕن و چالاکی ژینگەیی دەکەن و یادی دەکەنەوە.

رۆژی جیهانی ژینگە، لە ساڵی 1973بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی دانیشتوانی سەرزەوی لەپێناو بایەخدان بە ژینگەی پاک و سەوزی ژیانی مرۆڤ دیاری کرا.

ئەم رۆژە بۆ یەکەمین جار لە کۆنفرانسێکدا بەناوی مرۆڤ و ژینگە‌ لە 5 تا 15ی حوزەیرانی 1973دەستیپێکرد، لە سالی 1973 دا لەسەر ناوی بابەتێکی تایبەت بەناوی (تەنیا یەک زەوی) یادی کرایەوە، لە ساڵی 1974بەدواوە رۆژی جیهانی ژینگە لە شارە جۆراوجۆرەکانی جیهان بەڕێوەچوو.

قسەکانی وەکخۆی؛

ئه‌مڕۆ لە رۆژی جیهانیی ژینگەدا، سڵاو و پێزانین ئاراستەی سەرجەم ژینگەپارێزان، رێکخراوەکان و لايه‌نه‌ پەیوەندیدارەکانی هه‌رێمى کوردستان دەکەم کە دڵسۆزانە بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەى جوانی وڵاتەکەمان کار دەکەن.

پاراستنی ژینگە و ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاووهەوا، ته‌نيا ئه‌ركێكى حكوومى نييه‌، به‌ڵكوو بەرپرسیاريه‌تییەکی گەورەی نیشتمانی و مرۆیيی هاوبەشە. ئەرکی هەموومانە لە ناوەندەکانی پەروەردە، خێزان، میدیا و دامەزراوەكان، پێکەوە کار بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی ژینگەپارێزی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر سروشتی وڵاتەکەمان بکەین.

دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پابەندى هاوکاری و کارکردنی هاوبەشه‌ لەگەڵ حکوومەتی عێراقى فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتيدا، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەپێناو پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی تەندروست و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوومان.

ڕۆژی جیهانیی ژینگە لە هەمووان پیرۆز بێت.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/6/5