وەزارەتی تەندروستی: دوو حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمار کرا
بۆ یەکەمجار لەمساڵدا
دوو حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمارکرا
شۆڕش قادری
بۆ یەکەمجار لەمساڵدا دوو حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە کوردستان تۆمار کرا کە باوک و کوڕێکن و لە شاری هەولێرن.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، دوو حاڵەتی تووشبوو بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە شاری هەولێر تۆمارکراوە، کە باوک و کوڕێکی تەمەن 71 ساڵ و 29 ساڵن لە یەک خێزاندا.
“ئەو باوک و کوڕە بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵ لە دوو هەفتەی رابردوو و بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو و پێکهاتە و دەرهاویشتەکانی دوای سەربڕین، تووشی نەخۆشییەکە بوون، دوای سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێکردن بەنەخۆشییەکە و بوونی نیشانەکان تێیاندا، چارەسەری پزیشکیان بۆ گیراوەتەبەر”، راگەیەنراوەکە وادەڵێت.
ئەو دوو هاوڵاتییە لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراون و چارەسەر وەردەگرن، باری تەندروستی یەکێکیان تاڕادەیەک جێگیرە و ئەوەی دیکەیان ناجێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان دەکات رێنماییەکانیان لەسەر ئەو جۆرە نەخۆشییە جێبەجێ بکەن و لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێتەرنەری ئاگاداربکەنەوە، بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵیش لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.
هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، تا ئێستا دوای بوونی چەندین حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوان لەمساڵدا، تەنیا ئەم دوو حاڵەتە دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە، جگە لە دوو حاڵەتی دیکەی شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە بۆ چارەسەری هاتوونە نەخۆشخانەکانی هەرێم.