ئاژانسی "بلۆمبێرگ" بڵاویکردووەتەوە
یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی ئێران و ئەمریکا لە 14 خاڵ پێکهاتووە و وردەکارییەکەی بخوێنەوە
فەرهاد حەسەن
ئاژانسی هەواڵی “بلۆمبێرگ” ئاشكرایكردووە، ئەو رەشنوسە یاداشتەی کە ئەمریکا و ئێران دەیانەوێت لە دوو رۆژی داهاتوودا بۆ لێکتێگەیشتنی یەکتری واژۆی بکەن، لە 14 خاڵ پێكهاتووە.
هەروەکە چاوەڕێ دەکرێت رۆژی هەینی 19.6.2026 ئەمریکا و ئێران لە ولاتی سویسرا بە فەرمی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیان واژۆ بکەن، بەمەبەستی رێگەخۆشکردن بۆ گفتوگۆیەک کە 60 رۆژ بەردەوام دەبێت و ئامانجی هەردوولاش وەکو باسیان کردووە، کۆتاییهێنانە بە شەڕی نێوانیان.
بەپێی ئەو راپۆرتەی ” بلۆمبێرگ” بڵاویکردووەتەوە 14 خاڵەکەی ئەم یاداشتە بریتیین لە:
– ئێران و ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە جەنگی ئێستادا، بە راگەیاندنی واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، کۆتایی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە شەڕ لە هەموو بەرەکاندا بە لوبنانیشەوە رادەگەیەنن، بەڵێندەدەن هیچ کارێکی دوژمنکارانە لە دژی یەکتر ئەنجامندەن و خۆیان لە هەڕەشەکردن یاخود بەکارهێنانی هێز لە دژی یەكتر بەدوور بگرن.
– بەڵێندەدەن رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکتر بگرن و خۆیان لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر بەدوور بگرن.
– بەڵێندەدەن لە ماوەی 60 رۆژدا دانوستان بكەن و بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، کە بە رەزامەندی هاوبەش درێژ دەکرێتەوە.
– لەگەڵ واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی هەڵدەگرێت و رێگری لە هەر دەستوەردان و رێگرییەک لە دژی ئێران دەکات، هەروەها هاتوچۆی دەریایی دەگەڕێنێتەوە بۆ توانای تەواوی لەماوەی 30 رۆژدا، لەگەڵ هاتوچۆی کەشتیوانی بۆ ئاستی پێش جەنگ لە لایەنی ئێرانەوە، ئەمریکا بەڵێندەدات لە ماوەی ئەو 30 رۆژەدا لە دوای رێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری بکشێنێتەوە.
– ئێران لەگەڵ واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە، دەستبەجێ هەنگاوی پێویست دەنێت بۆ زامنكردنی لە دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی بازرگانی لە نێوان کەنداوی عەرەبی و کەنداوی عومان لە ماوەی 30 رۆژدا بۆ ئاستی پێش جەنگ، بە مەرجی لابردنی ئاستەنگە تەکنیکیەكان و لابردنی مینەکان لەلایەن ئێرانەوە.
– ئەمریکا بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکانی، بەڵێندەدات پلانێکی گشتگیر و رێککەوتنی هاوبەش بۆ چاکسازی و گەشەپێدانی ئابوری ئێران دابڕێژێت، بە گەرەنتی دارایی لانیکەم 300 ملیار دۆلار، میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم پلانە وەک بەشێک لە رێکەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا دادەمەزرێت.
– ئەمریکا پابەند دەبێت بە کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە سزایەک کە لە ئێستادا بەسەر ئێراندا سەپێنراون، بەپێی خشتەی کاتی کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی کۆتاییدا رێکەوتنی لەسەر دەکرێت، ئەمەش بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان و دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی دەگرێتەوە، هەروەها هەموو سزا تاکلایەنەکانی ئەمریکا، بە هەردوو جۆری سەرەتایی و لاوەکی.
– ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت، هەردوولاش رێکەوتون لەسەر ئەوەی کە چارەنوسی ماددە پیتێنراوەکان و هەموو پرسە ئەتۆمییەکانی دیکەی رێکەوتن لەسەرکراو، لەوانەش پێداویستییە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە رێکەوتنێکی کۆتاییدا بە تەواوی چارەسەر بکرێن.
– ئێران و ئەمریکا رێکدەکەون لەسەر پاراستنی دۆخی ئێستا لە چاوەڕوانی ئەنجامدانی رێکەوتنی کۆتاییدا، ئێران دۆخی ئێستا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە دەپارێزێت، ئەمریکاش سزای نوێ بەسەر ئێراندا ناسەپێنێت و هێزەکانی لە ناوچەکە زیاد ناکات.
– ئەمریکا بەڵێندەدات، دەستبەجێ لەگەڵ واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە و تاوەکو بەرواری هەڵگرتنی سزاکان، لەرێگەی وەزارەتی گەنجینەیەوە لێخۆشبون بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران دەربكات، لەگەڵ بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و پێكهاتەكانی و تەواوی خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان، بە خزمەتگوزارییەكانی بانک، بیمە، گواستنەوە و خزمەتگوزارییە هاوشێوەکانیشەوە.
– ئەمریکا لە ژێر رۆشنایی پێشکەوتنی دانوستانەکان بەرەو رێکەوتنی کۆتایی، بەڵێندەدات تەواوی پارە و سەروەت و سامانە بلۆككراوەكان یاخود كۆتوبەندكراوەكان ئازاد بکات و بە تەواوی بیخاتە بەردەستی ئێران، ئەم پارانە، چ لە هەژماری سەرەكی بن یاخود حەواڵەكراو، بۆ هەر پارەدانێکی کۆتایی بۆ سوودمەند بانکی ناوەندی ئێران دیاریدەكات و بە تەواوی بەردەست دەبن بۆ بەکارهێنانی، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش بەڵێن دەدات هەموو مۆڵەت و رێگەپێدانێكی پێویست لەسەر ئەو بنەمایە دەربكات.
– ئێران و ئەمریکا لەسەر دانانی میکانیزمێکی جێبەجێکردن بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی سەرکەوتوانەی رێکەوتنی کۆتایی و پابەندبونی داهاتوو رێکدەکەون.
– دوابەدوای واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە و دوای وەرگرتنی دڵنیایی سەبارەت بە دەستپێکردن و بەردەوامیی جێبەجێکردنی خاڵەكانی 4، 5، 10 و 11، ئێران و ئەمریکا دەچنە دانوستانەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی کە سنوردار بێت بەو بڕگانەی ماونەتەوە.
– رێکەوتنی کۆتایی بە بڕیارێكی پابەندکەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان پاڵپشت دەبێت.
پێشتر، ترەمپ و جەی دی ڤانسی جێگری، رێکەوتنێکی ئەلیکترۆنییان لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، گەورە دانوساتکاری و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران واژۆ کرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناغێک کە 60 رۆژ دەخایەنێت لە گفتوگۆکان بە ئامانجی گەیشتن بە رێکەوتنێکی کۆتایی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
لایخۆشییەوە، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بە ئاژانسی “فرانس پرێس”ی راگەیاندوە، مەراسیمی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان واشنتن و تاران، رۆژی هەینی لە هۆتێلێکی گرانبەها لەسەر چیای بۆرگنشتاک کە دەڕوانێتە سەر دەریاچەی لۆسێرن لە ناوەڕاستی سویسرا بەڕێوەدەچێت.