روونکردنەوەی بڵاوکردەوە
بانکی ناوەندی عێراق چاپکردنی نوێی دراو بە کارێکی نایاسایی ناو دەبات
فەرهاد حەسەن
بانکی ناوەندیی عێراق چاپکردنی دراو بەبێ پشتیوانیی دارایی بە کارێکی نایاسایی و هۆکاری سەرەکیی هەڵاوسان ناودەبات و روونیدەکاتەوە، ئەوەی ئەنجامدەدرێت تەنیا “داشکاندنی حەواڵەکانی گەنجینەیە” وەک رێکارێکی کاتی نەختینەیی، دوپاتیشیدەکاتەوە کە ئەرکی ئەوان پاراستنی بەهای دینار و سەقامگیریی ئابورییە، نەک دابینکردنی خەرجییەکانی دەوڵەت.
بانکەکە، لە روونکردنەوەیەکدا هۆشداری دا لەوەی کە چاپکردنی دراو بەبێ بوونی سەرچاوەی دارایی، دەبێتە هۆی هەڵاوسانی راستەوخۆ و داخورانی بەهای دینار.
جەختیشدەکاتەوە، بەپێی یاسای ژمارە (56)ی ساڵی 2004، پرۆسەی چاپکردنی دراو بە تەواوی قەدەغەیە و زیانی گەورە بە هێزی کڕینی هاوڵاتیان دەگەیەنێت.
هەر بە پێی روونکردنەوەکە، جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان “چاپکردنی دراو” و “داشکاندنی حەواڵەکانی گەنجینە”، بەو پێیەی داشکاندنی حەواڵەکان رێکارێکی کاتی و نێودەوڵەتییە بۆ دابینکردنی نەختینە لە بەرامبەر قەرزی حکومەتدا.
دوو رۆژ لەمەوبەر، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، ئاشکرای کرد کە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکان بڕی 25 ترلیۆن دینار چاپکراوە، بەڵام هۆشداریشیدا کە ئەم کارە مەترسیدارە، چونکە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی رێژەی هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی و لاوازبونی توانای کڕینی هاوڵاتیان لە بازاڕەکاندا.