حکومەتی هەرێم: لە 2025 بەدواوە ئیش بە کاغەز ناکەین
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت تا ساڵی 2025 لە سەرجەم دامودەزگاکانیدا کۆتایی بە کارکردن بە کاغەز دەهێنێت و ئەو ئەزموونە بۆ حکومەتی عێراقیش دەگوازنەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی کابینەی نۆی حکومەت بەدیجیتاڵکردن و بەئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان بووە.
فەرمانگەکە لە زاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاویکردووەتەوە “ئێمە لەمەودوا لەپێشین و دەتوانین ئەم ئەزموونە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە حکومەتی فیدراڵی باس بکەین، کە چۆن ئەوانیش بتوانن ئەوە بکەن.”
ئاماژە بەوەش کراوە، لە بوارەکانی پێوەری زیرەکی کارەبا، بەئەلکترۆنیکردنی دادنووسییەکان، سیستمی پەروەردە، سیستمی هاتن و چوونی گەشتیاران و مامەڵەی هاوڵاتیان لە خوێندنی باڵا کاری باش کراوە.
لە راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا ئەوەش هاتووە، لە ستراتیژی ئەم کابینەیە دایە تا ساڵی 2025 حکومەتی هەرێم هەموو مامەڵەیەکی بە کاغەز رابگرێت.
مۆڵەتی شۆفێری، وەرگرتنەوەی تاقیکردنەوەی کۆرۆنا، بەئەلکترۆنیکردنی مامەڵەی خانەنشینی، بە ئەلکترۆنیکردنی گرێبەستە گشتییەکان و بە ئەلکترۆنیکردنی مووچە لەو بوارانەن کە فەرمانگەکە دەڵێت لە بواری بەئەلکترۆنیکردنیاندا کاری باشیان تێدا کراوە.