وەزارەتی شەهیدان: دوو هەزار شەهید زیاد دەکەین
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
سەرجەم دۆسییەی شەهیدانی هەرێم بۆ سەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەگوازرێنەوە. گواستنەوەکە زیاتر لە دوو هەزار دۆسییە دەگرێتەوە، وەزارەتی شەهیدان وا دەڵێت.
بەپێی یاسای چاکسازیی ژمارە 2ی ساڵی 2020، دەبێت دۆسییەی سەرجەم شەهیدان لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە و ئاساییش و دژەتیرۆر بگوازرێنەوە سەر وەزارەتی شەهیدان و ئەم هەنگاوەش جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیەی یاساکەیە.
بە وتەی عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم، گواستنەوەکە زیاتر لە دوو هەزار دۆسییە دەگرێتەوە و تا ئێستا کاری هەزار دۆسییەیان تەواو کردووە.
زانیارییەکانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاشکرای دەکەن، 90 هەزار شەهید لەو وەزارەتە دۆسییەیان هەیە.
“دۆسییەی شەهیدەکان لە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە و ئاساییش و دژەتیرۆرن و شەهیدی سەروەختی شەڕی داعشن و بە هەمان پلە و موچەوە دەگوازرێنەوە”، عادل مەلا ساڵح وای بە 964+ وت.