رێکەوتنەکەی تاوەکو 5 مانگی دیکە ماوە
هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەی شێخان دەستیپێکردەوە و هەناردەکردنیشی بەردەوامە
فەرهاد حەسەن
کۆمپانیای گەڵف کیستۆنی بەریتانی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی شێخان لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و دەشڵێت، هەنگاوی هەناردەکردنیش بەردەوامە.
بەپێی راگەیاندراوێکی کۆمپانیاکە، بەرهەمهێنانی کێڵگەی شێخان لە 16.8.2026 دووبارە دەستیپێکردووە، دوای ئەوەی رێککەوتنی نێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت درێژکرایەوە.
کۆمپانیاکە دەڵێت بەرهەمهێنانەکە ئێستا بەرەو 40 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا نزیک دەبێتەوە و کار لەسەر چەندین بیر بۆ زیادکردنی بەرهەمەکە بەردەوامە.
گەڵف کیستۆن، پێشتر لە 24.6.2026 بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی شێخانی دەستپێکردبوو و لە ماوەیەکی کورتدا توانی بەرهەمهێنان بەرز بکاتەوە بۆ زیاتر لە 45 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا؛ بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە، لە 19.7.2026 بەرهەمهێنانن بە شێوەی کاتی راگرتبوو.
کۆمپانیاکە دەڵێت رێککەوتنی هەناردەکردنی کاتی نێوان کۆمپانیا نەوتییەکان، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ شەش مانگ، تا کۆتایی کانوونی دووەمی 2027 درێژکراوەتەوە، بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی درێژخایەن بۆ هەناردەکردنی نەوت بە نرخە نێودەوڵەتییەکان دابمەزرێت.
گەڵف کیستۆن جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکی لە ماوەی داهاتوودا، جێگیرکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و گەڕانەوە بۆ گەشەپێدانی کێڵگەی شێخانە، بە مەرجی جێگیری بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە.