هێنانی هاوەڵ خۆی قەدەغەیە
فریاکەوتنی رزگاری شوێنی رزگارکردنی ژیانە، نە قەرەباڵغی
ئەحمەد مستەفا
بەم شەوە، نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر بە ئاگادارکردنەوەیەک، داوای لە هاوڵاتییان کردووە کە بەشەکانی فریاکەوتن بە شوێنی چارەسەر و رزگارکردنی ژیان بزانن، نە شوێنی کۆبوونەوە و قەرەباڵغی.
بەپێی ئەو ئاگادارکردنەوەیە، رۆژانە و شەوانە قەرەباڵغی و ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان، هاوەڵ و خزمانی نەخۆش لە بەشەکانی فریاکەوتن، دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ لە بەردەم کارکردنی پزیشک و ستافی تەندروستی.
وەک نەخۆشخانەکە ئەمشەو 17.9.2026 لە راگەیەندراوێکدا باسی دەکات و ژمارەیەک وێنەی بڵاوکردووەتەوە و خەڵکێکی زۆر دەردەکەون، دەڵێ، دروستبوونی ئەو قەرەباڵەغییە گرفتە، بە تایبەتی لە کاتە کتوپڕەکاندا کە خێرایی گەیاندنی نەخۆش بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان گرنگییەکی زۆری هەیە.
نەخۆشخانەکە رایگەیاندووە، سەردانی نەخۆش و هێنانی هاوەڵی زیادە، بەپێی بڕیاری فەرمی قەدەغەیە، هەروەک داوای لە هاوڵاتییان کردووە تەنیا لە کاتی پێویستی زۆردا سەردانی فریاکەوتن بکەن و لە دروستکردنی ئیزدیحام دوور بن.
دیمەنی دیکەی بەردەم نەخۆشخانەکە