قەدەغەکردنەکە لابرا

بە دەبەی پێنج لیتری بەنزین بە خەڵک دەدرێ

سیروان خورشید – خورماتوو

ئیدارەی قەزای خورماتوو بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە دابەشکردنی بەنزین دەرکرد و لەمەودوا ئەو هاوڵاتییانەی بە دەبەی پێنج لیتری سەردانی وێستگەکان دەکەن بڕی پێنج لیتر بەنزینیان پێدەدرێت.

ئەوە وەک کارئاسانییە بۆ ئەو پیشەوەرانەی پێویستییانە بە بەنزینەە رۆژانە.

زولفەقار حەیدەر، قایمقامی خورماتوو بە 964ـی وت، ئەم بڕیارەمان لەپێناو خزمەتکردنی هاوڵاتییان و کەمکردنەوەی ئەو بەربەستانە دەرکردووە کە پێشتر لە بەردەم خاوەن ماتۆڕسکیل و ئەو کەسانەدا دروستبووبوون کە بە دەبە بەنزینیان دەهێنا.

ماوەی چەند رۆژێک بوو ئەو هاوڵاتییانەی بۆ دەستکەوتنی چەند لیترێک بەنزین سەرەیان دەگرت، روبەڕوی کێشە دەبوونەوە و بەنزین پێدانیان لەسەر قەدەغە کرابوو کە زۆرینەیان خاوەن ماتۆڕسکیلن، بەڵام بەپێی بڕیارە نوێیەکە، لەمەودوا هەر هاوڵاتییەک بۆی هەیە تەنیا پێنج لیتر بەنزین بە دەبە وەربگرێت.

قایمقام وتی، هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی قەزاکە هاوبەش بوون لە دەرکردنی ئەم بڕیارە و بە وردی چاودێری دۆخی وێستگەکان و پرسی دابەشکردنەکە دەکەن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا